شوێنەون

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  319 بینین
پێت ناگیرێم
وەکوو زریان من ماڵێکی
دیارم نییە.
وەکوو هەتاو من پەنجەرە و
دوو پەنجەرە و
سێ پەنجەرەی
ئاسۆیەک و
چیایەک و
هەوارێکی دیارم نییە
من مێژوویەکی کۆچەریم
زەمانم داوە بە کۆڵما و
هۆبە هۆبە
لەگەڵ خۆمدا ئەیگەڕێنم.
کڵپە و گڕێکی کۆچەریم
ئاگردانم لە گیانمایە و
ئاسۆ ئاسۆ
لەگەڵ بادا ئەیگەڕێنم.
ڕووبارە خوێنی کۆچەریم
شەپۆلم وا لە دەنگمایە و
ئاواز ئاواز
لەگەڵ هەورا ئەیگەڕێنم.
من شۆڕشێکی کۆچەریم
جێگەم خستۆتە مشتمەوە و
برین برین
لەگەڵ چەکمان ئەیگەڕێنم.
من مەقەڕ و
وەرزی ساڵ و
ئیستگە و سروود و گۆرانیم
هەمووی لە هەگبەی پشتمایە و
هیوا هیوا
لەگەڵ عەشقی ئازادیدا
کەژ بە کەژ ئەیانگەڕێنم.
پێت ناگیرێم.
ئیستە لێرەم
لێرە تۆوی ناو قەندیلی شەختە و بەفرم
بەڵام سبەی لە گەرمیان سنەوبەرم.
دوێنێ دەواری گڤەی خۆم
لەو لا هەڵدا
ئەمڕۆ لەم لا
سوورە بەڕووی سەر کێوێکی بەرزترم.
باران ماچی
هەر شوێنێکی خاکمی کرد
منیش لەوێم.
تاریکیی تۆ لە هەر کوێ بێ
من لەو شوێنە پێ ئەبم و دائەگیرسێم.
پێت ناگیرێم، وردە وردە
من مردنتم.
ئەو وەختەی تۆیش پێئەکەنی و
وا ئەزانی لەناو چنگتام
من هەر زووتر
ئەبمە موورووی غەیبی تیشک و
ون ئەبم و
لێت بزرم.