هاوڕێ

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  814 بینین
سەرەتای هەموو پاییزێ
وەختێ پۆل پۆل ئەو مەلانەی
بە دوای عەشقی گەرمەسێردا
ڕووەو باشوور کۆچ ئەکەن و
جێمان دێڵن.
ئەو ڕۆژانە
لەناو باخچەی ئاژەڵەکانی باکووردا
سەرنج بدەن
ئەبینن وا ئاوەڵی ئەو باڵندانە
زیندانییەکان
زیز و ماتن
چاوی بە فرمێسک هەڵئەبڕن
لە عەزرەتا سنگی خۆیان
بە باشووری
هێلانە و شیشی قەفەزی
باخچەکەوە ئەنووسێنن.
ئەو ڕۆژانە
گوێ ڕابگرن گوێتان لێیە
ئەو ئاوەڵە زیندانییانە
بە بێ وچان بۆ درەختی
گەرمەسێری دوور ئەخوێنن!