٢٧ جار

بۆ «بێکەس»ی باوک و نیشتمانپەروەر
لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  624 بینین
ئەگێڕنەوە
ئەڵێن هەموو ساڵێ جارێک
بە ئاسمانی گردەکەی «مامەیارە»وە
خەڵکی هەڵۆیەک ئەبینن
بەرز، بەرز ئەفڕێ
بیست و حەوت جار خول ئەخوات و
ئەوسا لەسەر
کارێزەکەی «وەستا شەریف»
لەنگەر ئەگرێ
دیسانەوە بیست و حەوت جار
باڵەکانی لەیەک ئەدا و
گوێیان لێیە شتێک ئەڵێ
ئەگێڕنەوە
ئەڵێن هەموو ساڵێ جارێک
بە دامێنی گردەکەی مامەیارەوە
چاویان لێیە: جرجێکی ڕەش
لە کونێکی تاریکەوە
بیست و حەوت جار سەر دەردێنێ و
چاوی هەڵۆ ئەیکاتەوە
بە ناو کوندا و
ئەیتۆقێنێ
خەڵکی ئەڵێن: هەڵۆی پیرۆز
ڕۆحی بەفرینی «بێکەسکەس»ەو
جرجیش «ئەدمۆنزکەس»