یادی بێکەس

لە کتێبی:
لە کۆڕی خەباتا
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 2 خولەک  1233 بینین
هەڵدانەوەی لاپەڕەی کۆنی عومرە
بۆیە فرمێسک لە چاویایە ئەم شیعرە!
کوردستانی ئەو سەردەمە وا تار بوو،
بەفری زستان گوڵی باغچەی بەهار بوو
بولبولەکان لە قەفەسا قەتیس بوون
لە سەرمانا ئەلەرزین، وەک گوڵ سیس بوون
ئەو مەلانەی داڵدەیەکی گەرمیان بوو،
دانەوێڵەی چینە مایەی شەرمیان بوو
پەڕەی گوڵیان بە ڕەنگی «ڕوو» سوور ئەکرد،
وا هەڵبەستیان پێشکەش بەرەوژوور ئەکرد
جار جار لە پاڵ مەتحی درۆی زۆردارا،
چەن گوڵێکیش ئەکرا بە قژی یارا...
یاری هەڵبەست یان هیی تێری بێدڵ بوو،
یان هیی لاتی ناپەسەندی لای گوڵ بوو...
بەڵێ هەبوو بولبولی وایش، برسی بێ،
تەماع هەرگیز شیعری پێ نەنووسیبێ
هەرە برسی و هەرە لێبووردووی دەستە
«بێکەس» زیاتر، خەباتی خستە بەستە،
لە باغێکا فرمێسکی «خانی» ئەڕژا،
دڵی «حاجی» لە ئاگرا ئەبرژا،
«بێکەس» دڵی بڕوای نەدا خامۆش بێ،
لە بەستەیا نیشتمان فەرامۆش بێ!
لە ڕووی شیری ڕووتا وەستا و نەڕانی،
ئازادیی ویست بۆ گەل و نیشتمانی!
زمان بڕین سزای قسەی نەستەق بوو،
توانجی «بێکەس» بۆ دوژمن بەردی ڕەق بوو
کزی چاو بوو، بە چاوی هۆشمەندی
لە ئاسۆی دوور برایەتیی کرد بە دی،
لە ناو هەردوو نەتەوەی عەرەبا و کورد،
بە بانگی بەرز ئەمەی خستە شیعری ورد
لە کاتێکا دەستی دوژمنی نامەرد
تۆوی کینەی چاندبوو وەک گەرای دەرد،
بەو نیازەی بکەوێتە خۆخۆری:
کورد و عەرەب، تورکمان و ئاسۆری!
***
ئەمویست «بێکەس» ئێستا بە سەر بژیایە،
ئەم گەرمییەی برایەتیی بدیایە
بیزانیایە براگەورەی عەرەبمان،
چەن دڵسۆزە بۆ خزمەتی ئەدەبمان
بیزانیایە گەوهەری نرخی «بێکەس»
براکانی چۆن ئەیگێڕن دەساودەس!
«بێکەس»! لەشت با لە خاکا ڕزیبێ،
با مرۆڤیت بە یاسای مەرگ ڕازی بێ،
بەڵام بولبول کە ئامانجی لەم ژینە:
بەس خوێندنی بەستەی شیرین شیرینە،
تاکوو دەنگی چریکەی بێ لەسەر دار،
هەر زیندووە و هەر بولبولە و هەر باڵدار؛
کە وا بێ تۆیش تاکوو «داری ئازادی»
بەستەی کوردە، ئەژییت، نەمری یادی!