لە بەندیخانە

لە کتێبی:
سروشت و دەروون
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 5 خولەک  1590 بینین
تاوانم کرد، گەل پێوەی نام مۆری ناپاکی،
بۆ زیندانە کۆچی ژینم، دنیای ڕووناکی!
وتم: گەل، نەء! گەل فرۆشی دەزگا و دووکان گێڕ
عاری تێرپۆش، خەوشی برسی موو بە موو ژمێر!
دزی تێر و بێ پێویستی ناردە سەر برسی،
وتیان دزە و پرسیارێکی زۆریان لێ پرسی
کابرای برسیی بێ تاوانیش مل کەچ و سەرشۆڕ
چۆنیان لێ ویست بۆی هەڵڕشتن وەڵامێکی زۆر!
کار تەواو بوو، قۆچی دزی، بوو بە سندووق بڕ؛
مێشک ماندوو، دڵ بریندار، گوێ لە توانج پڕ
لوولەی تفەنگ لە بڕبڕەی پشتی قایم بوو،
تەقەی پۆستاڵ بە شوێنەوە: هەر هات و هەر چوو
ئەوا ئێستا باغچەی ژین و شیعر و خەیاڵی
بوو بە ژووری بەندیخانەی تاریک و خاڵی!
سا خوات لەگەڵ دنیای جوانی! دنیای ڕووناکی!
تاوانم کرد، گەل پێوەی نام، مۆری ناپاکی!
ئیتر من هیچ نە ئادەمیم، نە نیشتمانی،
نە ئەندامی ئەم کۆمەڵەم، نە کوردستانی
نا، بۆ کوردێک کفرە ئێستا کوردستان وتن،
چەرچیەکانی ئیستعمارم لێ ئەبنە دوشمن!
لە عێراقا و بەقانوون و پێڕۆی عێراقی:
کوردێک گیرا و بەند و زنجیر کرایە لاقی،
حەقی وەک کورد هەر نەبووە و هی وەک عیراقییش
بزر ئەکا، لە بەندیشا و لە پاشی بەندیش!
***
ئێستا من و خەڵقی ئەودیو ئەم چواردیوارە
لە بابەتی جوێ شێلراوە هەستیمان، دیارە!
ئەوان چەشنی فریشتەن و بێگەرد و پاکن،
دنیا هەر بۆ ئەوان خوڵقا ئەوەندە چاکن!
بۆیان هەیە بەپێی دڵخواز بخۆن، بنۆشن،
سەربەست بژین، بەختیاری پێک پێک بنۆشن،
گوێ بگرن تێر لە ئاوازەی مۆسیقای شیرین،
کۆڕی بەزم و ئاهەنگ بکەن پڕ لە پێکەنین،
بەناو جوانیی تەبیعەتا بێن و بچن مەست،
بۆ کام میوەی زۆر سەرچڵە درێژ بکەن دەست
بەڵام من و وەک منەکانی بەندیخانە،
دروست بوونمان لە قوڕێکە ئەهرەمەنانە!
بۆ تاریکی، بۆ شەرم و عار، بۆ خەم خوڵقاوین،
لە بەهەشتی ئەودیو دیوار بێ بەش کراوین!
مانگ و ڕۆژ و ئەستێرەی خواش لەگەڵ دەشت و دەر،
قانوون ئەڵێ: قەدەغەیە دەرحەق تاوان کەر!
***
ئەی مانگ و ڕۆژ، ئەستێرەی شەو، هەڵمەیەن ئیتر
بۆ ئەودیوی بە نهێنی لە تاوان کەر پڕ!
بۆ ئەودیوی بە ئاشکرا فەزیلەت فرۆش،
لە پەناوە پاسکەری دز، واعیزی سەرخۆش!
بۆ ئەودیوی شێخ و مەلا بەشی زۆر جاسووس،
زوربەی ئاغا بە پێست مەرد و بە ئێسک بێ نامووس
بۆ زۆرداری ناوخۆ دڕ و لەلای بێگانە
دەست لەسەر سنگ لەبەر ئەکەن جلی ژنانە!
بۆ ئەودیوی کە زۆر پیاوی گەورە و ناوداری
گیانی چەور و چڵکنە وەک لەشی هەژاری!
بۆ ئەودیوی پڕ لە درۆ و پڕ لە دەسیسە،
بۆ ئەودیوی کە هیچ نەبێ وەک ئەم دیو پیسە!
ئەی تیژگی ڕۆژ! ئەو وڵاتەی کۆمەڵی پاکە،
ئەندامێکی وەک منی تیا ئازاد و چاکە؛
ئەندامێکی وەک منی بۆ شیعر و ئەدەب زاو،
تیا نابێتە پارەدزی برسی و ناتەواو!
دزی برسی یان تەمەع کار! دەوری فرمانی
ناگرن، هەتا بە قوڕ بگرن ماڵی وێرانی!
ئەو کۆمەڵەی خواپێداوە، خاوەن بەهرەی فەن
بۆ پیانازین بەخێو ئەکا، نەک ڕیسوایی و پەن!
بولبولێ بووم ئامادە بووم هەتا بمێنم
بە نانی وشک، بەرگی پەڵاس، بۆ گەل بخوێنم
بەڵام گەلی بە شرینقە خەو لێ خراوم
گوێی نەدامێ هەتا کەوتم، چڵکن بوو ناوم!
***
ئەی تریفەی مانگی سپیی دەرکی دەلاقە،
با پیس نەبی، خۆت مەدە لەم کوردی عیراقە!
وڵاتەکە داگیرکراو، نەتەوە دیلە،
باو لای دوشمن: نامەردێتیی، مەردیی زەلیلە!
کای لەبەر سەگ دانراوە، ئێسقان بۆ ئەسپە!
سەر لە جێی کلک بەند کراوە، کلک لە سەر چەسپە!
شێوێنراوە بە دەستی قەست شیرازەی کاری،
تا ئاسان بێ بۆ سوورفلی چرچ، ئیستیعماری؛
وەک بزن مژ دەم بنێتە جواناوی نەوتی،
لێی دەرهێنێ دوا دەنک و فلسی دەست کەوتی!
ئەی مانگی بەرز، سا هانا بێ، مل بنێ بۆ دوور،
بۆ وڵاتێک جێی نیزام بێ و سەربەست و ڕووسوور،
بۆ وڵاتێک هاونیشتمان تیایا ئازاد بێ،
ژیری دڵسۆز باوک بێت و گەلیش ئەولاد بێ!
هەر ئەندامە بە پێی بەهرە و لێهاتنی خۆی،
ماوە و جێگای فرمان کردن ڕێک خرابێ بۆی
ئیش بکات و نان بخوات و بەرگی خۆی بدڕێ،
بە بێ ئەوەی ناچار ببێ ڕێی تاوان بگرێ!
ئا لەو خاکە پرشنگ ڕێژیی پرچی زێڕینت،
ئەی مانگی جوان سەنگین ئەکا نرخی بینینت!
***
ئەی ئەستێرە! ئەستێرەکان! بەرز و گەش و دوور،
ئەگەرچی من ناتانبینم لەبەر سەقفی ژوور،
بەڵام دیارە، ئێستا جوان جوان چاو ئەترووکێنن،
ڕووی ئاسمانی شینی ژوور سەر پێ ئەکەنێنن!
ئاخ، نازانن خاوەن چێژان، فرمێسکی چاویان
ڕێگا نادا بڕواننە زینەتی ئاسمان،
لەم وڵاتەی کە ڕووی خاکی گوڵ گوڵیی داغە،
برینی جەرگ لە باغچەیا لە جێی گوڵباغە!
خواتان لەگەڵ، ئێوەش بڕۆن، لێرە ئاوا بن،
با نەکەون وەک من کەوتم، ئەستێرەی چا بن!
***
ئەی دنیای جوان، دنیای بەهار، دنیای ڕووناکی!
تاوانم کرد، گەل پێوەی نام مۆری ناپاکی،
فڕێی دامە پشتی دەرگای ئاسن و پۆڵا،
لە ژوورێکی تەنگەڵانی تاریک و چۆڵا،
لەگەڵ ئەوەی گیانم تیایە بە هەناسە و نەبز،
ئەڵێی مردووم خزاومەتە ژێر ئەلحەدی قەبز؛
بە قەد کونی دەلاقەکەم ئاسمان دیارە،
ئەمە هەموو ناونیشانی ڕۆژی بەهارە:
بۆ بەندییەک کە زیندانی دڵی خەمباری
دوا دەلاقەی گیراوە لە ڕۆژی بەهاری،
بۆ بەندییەک کە پەیوەندی لەگەڵ دنیای دەر
بەدەستی «داد » پچڕێنراوە؛ هاوڕێ و برادەر
لە کردەوەی ناشیرینی لێویان گەزیوە،
لە هاوڕێیی و برادەریی دەستیان سڕیوە
بۆ بەندییەک، کە هیچ نەبێ تا بەرەڵڵا بێ،
بەپێی قانوون کۆشی مناڵ، مناڵی نابێ
کوڕی خەرجیی لێ وەرناگرێ، کۆشی نابینێ،
کچی ساوا - کێ چوزانێ - هەتا بمێنێ!؟