ناڵەی بێکار
لە کتێبی:
سروشت و دەروون
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
2 خولەک
1915 بینین
تا هێزی بزووتن لە لەشما بەگوڕ بوو،
من کوڕ بووم بۆ ئاغا و ئاغا باوکی کوڕ بوو؛
لە «ماندوو نەبوون»ی سەرایشم واق وڕ بوو،
عەماری لە بەری تەقەلام پڕپڕ بوو
«نامەخوا!» و «ئافەرین!» سەری لێ شێوانم،
دڵسۆزی بۆ ئاغا ئەوەندەی ڕەتانم:
تا ڕادەی ئەوپەڕی شەکەتیی گەیانم!
پەکم کەوت... نەخۆشیی لەشی تێک شکانم!
نەخۆشی ناوجێ بووم: بێ شۆربا، بێ دەرمان،
بۆ زمان تەڕکردن «نەختێک ئاو!» ئەمناڵان،
بەر گوێم کەوت باوکی کوڕ «نەک ئێستا، هیی جاران!»
قیڕاندی: بۆ نایبەن فڕێی دەن لە کۆڵان!
ئەو دەستەی لە کۆڵان گەیشتە فریای من
دەستێ بوو بە تۆز و عارەقی ئیش چڵکن؛
زۆر دوور بوو لەو دەستە خاوێنەی وەک هیی ژن،
پارووی چەور ئەگلێنێ بێ ڕەنجی ئیش کردن!
ئەو دەستە چڵکنەی دوولێوەی تەڕ کردم،
دڵۆپی فرمێسکی کەوتە سەر ڕووی زەردم،
بە قووتی دەمی خۆی ڕایگرتم نەمردم:
ڕەنجبەر بوو، نۆکەر بوو، هاوپیشەم، هاودەردم!
تا ڕۆژی کەوتنم گەیشتە شەش و حەوت،
ژوورسەری بەرنەدام هاودەردی بێ سرەوت؛
بە زەبری دڵسۆزی ئەوەندەم نزیک کەوت:
پەتاکەم تووشی بوو لە لاما ئەویش خەوت!
وا ئێستا ئەو کەوتوو، من لە جێ هەڵساوم،
کوناوکون ئەگێڕم لەشی تێک شکاوم؛
لە فرمان ئەپرسێ: زمانم، گوێم، چاوم
بۆ قووتی ڕۆژی خۆم، هیی هاوڕێی داماوم!
فرمانێک، قەی ناکا قورسیش بێ بە شانم،
لەژێریا لێک دەرچێ گشت جومگەی ئێسقانم،
هەر تیا بێ چەن فلسێک، هیچ نەبێ بتوانم:
نان بکڕم بۆ خۆم و بۆ هاوڕێی نیوگیانم!
فرمانێ، ئەی کۆمەڵ! فرمانێ، فرمانێ
بۆ دەردی بێکاری چارەیەک، دەرمانێ،
زۆر شەرمە لە چەرخی بیستەما ئینسانێ
بێ ئیش بێ و سکی خۆی هەڵوشێ بۆ نانێ!