بێدارییەک
لە کتێبی:
سروشت و دەروون
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
1 خولەک
1697 بینین
ژوورم تەنیا و دنیای بەر پەنجەرەی ژوور،
بە چواردەوری باخچەی کۆشکا، هەتا دوور،
دارستانی سەروە و سنەوبەری سەوز
شەو ڕووناکە و چاوم یاخی لە وەنەوز
ئەی بولبولی شەبەقی شەو! بخوێنە،
هەستی «جوانی پەرستی»م بورووژێنە
با بە زەبری مەستیم بە ئاوازەی نوێت!
وێڵی دارستان بم کاتێک: خەڵک ئەنوێت!
ئەگەر عەشقی هونەر، وەک تۆ، ئەی بولبول!
لەناو ڕەگما لەگەڵ خوێنا بدا پل،
منیش وەک تۆ، خەوم ئەخەمە ژێر پێم،
دێم بە چڕی دارستانا ئەگەڕێم
بە لای لەشی سپیی پەیکەرەکانا
تێئەپەڕم، دەستی چەپ لە گیرفانا،
ئەشێلم گیای بن داری نوقمی ئاونگ،
بای دارستان لەرزێن ئەمژم پڕ بە سنگ
بە شەپۆلی گەڵای سەوزا کە ڕوانیم،
سۆزی لەرەی نوێ ئەچێتە گۆرانیم؛
وەک شووشەی عەتر وشەکانی هەڵبەستم
ئەگرن بۆنی گوڵی لەیلاخی دەستم
ئەوسا مەگەر، زاتێک بنێمە بەر خۆ،
دەم لە جوانیی تۆ بەم هەواری مۆسکۆ!