ئەی گەلاوێژ

لە کتێبی:
سروشت و دەروون
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 1 خولەک  1896 بینین
بە شەو گەشت و گوزاری خاتیرات هەروەک شنەی شەوبا،
لە ڕۆحی پڕ تەئەسسورما ئەکا سەهرەی خەفەت بەرپا؛
ئەڵێی بەحرێکی قووڵ و مەنگە دنیای پڕ لە بێدەنگی،
بەسەریا هاژەهاژ ئەڕژێ ئەنینم سۆزی ئاهەنگی!
هەتا سەر ڕووی زەوی چین چین نەویوە پەردەیی تاری،
لە خۆیشم دیار نییە وێنەی دڵۆپی ئەشکی بێداری!
دڵم وا گێژ ئەدا گەرداوی یەئس و نائومێدیی ڕەش،
مەگەر تۆ بێیتە ئیمدادم، گەلاوێژ، ئەی ستارەی گەش!
مەگەر تۆ، ئەی گەلاوێژ، ئەی بزەی لێوی سەحەرگاهان!
مەگەر تۆ بسرەوێنی قوڵپی ئێشی قەلبی بێ سامان!
لە چاوی تۆوە پرشنگێ ئەگاتە ڕۆحی بەدبەختم،
ئەکا مەستی تەسەللی تا شەوی دوایی سەری سەختم!
دەسا ئەی شا ستارە، ئەی گەلاوێژی گەش و تابان
کە هەڵهاتی بە ئەگریجەت بشۆ چاوی شەوی گریان!