شیوەنی گوڵاڵە

لە کتێبی:
فرمێسک و هونەر
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 2 خولەک  2048 بینین
کچم، مایەی ژیانم، یادگاری
شەبابم، نۆبەرەی شیرینی داری
غەرامی کەم دەوامی عومری لاویم!
دڵۆپی خوێنی گەرمی ئاگراویم!
جگەرگۆشەی عەزیزم، نووری چاوم!
سەری تاڵە دەزووی ئامالی خاوم
چ زوو مردی؟ کچم هەیهات کچی خۆم،
چ زوو مردی؟ چ زوو کەوتیتە بن گۆم؟
چ زوو کەوتیتە بن گۆمی عەدەم؟ خۆ
بە ئۆخەی تەڕ نەبوو لێوم وتم ڕۆ!
دەمێ پشکووتی تێر بۆنم نەکردی،
گوڵاڵەی خۆشەویست دەرلەحزە مردی!
ئەجەل داد! ئاسمان داد! عەرشی خوا داد!
حەکیم، عیلمی بەشەر، دەرمان، دەوا داد!
کچێکم بوو، کچێ، تەنیا کچێ، بەس!
ئەویشت ئاخری کوشت چەرخی ناکەس!
قەبر! ئەی خاکی ڕەش، ئەی چاڵی تاریک:
دڕندەی لاشەخۆری باوک و داییک!
لە دەورت هەڵچنیم خوشک و برا پاک،
کچێکم بوو ئەویشت کردە خۆراک!
چ داوێکە؟ چ ئینسافێکە، زاڵم؟
جەهەننەم تاو ئەدەی ئەیکەی بە حاڵم؟
لەبەر یەک لوقمە، یەک پل گۆشتی مەعسووم،
منت بۆچ کرد لە نووری دیدە مەحرووم؟
ئەگەر، ئەی خاکی زاڵم، ئیختیارت
نییە، ناچارییە تۆیش کاروبارت،
لە کردارت ئەگەر مەسئوول سەمایە،
تەبیعەت، هەرچی... حەتتا زاتی خوایە
بەڵێ: هەرچی و هەچ کەس بێ سەبەب کار،
پرۆتستۆی ئەوم مەتڵووبە ئێجگار:
ئەڕێژم ئەشک، ئەکێشم ئاهی بێ بن:
سیلاحی عاجزی زنجیر لە گەردن!
***
کچم خۆ تو نەماوی تا ببینی
کە باوکت چەن بە ناسۆرە برینی!
نە تۆی پێ دێتەوە نە عەقڵی ئەبڕێ،
لە سەر تۆ کام یەخە، کام ئەستۆ بگرێ؟
کچم تەنیا گوڵم، نەشئەی ژیانم،
دڵی شادم، ترووسکەی چاوەکانم،
کچم، ڕۆحم، کچم، هەیهات! هەیهات!
چ کۆچێ بوو! چ کۆچێ؟ وا کش و مات؟!