پیاو

بۆ جگەرگۆشەی شەهیدە قارەمانەکان، بۆ منداڵانی کوردستان دیاری و یادگارە
لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 10 خولەک  759 بینین
مامۆستایەک بە ناو پۆلدا
ئەهات، ئەچوو
باریکەلە و غەمگین وەکوو
جوانوویەکی لە ڕەو ونبوو.
ئەهات، ئەچوو
مەکۆی ژان بوو.
دەموچاوی:
لە «مانگ»ی تازە گیرخواردووی
ناو تەمێکی ئەستوور ئەچوو
هەر هات و چوو
مەکۆیەکی بێئارام بوو
هەر هات و چوو
بە سەرنجی وێڵیا دیار بوو
خەیاڵی ئەو
وەک گەواڵەهەوری دەم «با»
بۆ شوێنێکی دوور فڕیبوو.
هەر هات و چوو
لە چۆلەکەی
هێلانە لێ شێواو، ئەچوو.
لەپڕێکدا
ئیستێکی کرد
دەستی بۆ بەر باخەڵی برد
چاویلکەکەی کردە چاوی
تا چرکەیەک تاس بردیەوە
لەدواییدا
هێدی
هێدی
ئەم شیعرەی بۆ پۆل خوێندەوە:
مناڵینە!
پێش چەند ساڵێک
پیاوێک هەبوو
تەماشا کەن:
تا کوێ دەستم هەڵبڕیوە
وا کەڵەگەت!
ناوشانی پان، مل بەرز و کەڵ.
لەش پڵنگی
ڕەوت گورجوگۆڵ
ماسوولکەی ڕان
وەک بەرد پتەو
ماسوولکەی قۆڵ.
ڕەنگی چاوی
مەیلەو سەوزی بریقەدار
هەر وەک گۆمی بەر هەتاوی،
ڕوون تا بن دیار.
بزەی تەڕی وەکوو باڵی
پەپوولەیەک ئاونگاوی
هەرگیز وەنەوشەی سمێڵە
باریکەکەی جێنەئەهێشت.
جارجار تووڕە
وەک ڕەشەبا.
ناوبەناویش وەکوو شنە
زۆر لەسەرخۆ.
هەندێ جاریش گاڵتەکانی
پەردە دڕی دەم بە قاقا
قسەکانی خۆش و شیرین
هەر وەک گەزۆ.
* * *
مناڵینە!
ئێوە کەستان هەر نەبووبوون
کە ئەو پیاوە
کوڕی شاخ و کوڕی بەفر و
پێشمەرگە بوو
ئێوە کەستان هەر نەبووبوون
کە ئەو پیاوە
پڵنگێکی کوردستانی،
ناو لێرەوار و بێشە بوو
بازی باڵ سووری بەچنگی
سەر سەفینشوێن و
سەر هەڵگوردشوێن و
سەگرمەشوێن بوو.
مناڵینە!
چەم و ڕووبار خۆشیان ئەویست
شەوان درەنگ
بە هاژە ئەیانکردە خەو.
شەماڵ هێواش بە لەپی دەست،
ئارەقەی ناوچاوی ئەسڕی.
درەختەکان:
بە پۆپشمینی سێبەریان
کە پاڵ ئەکەوت
باڵای بەرزیان دائەپۆشی.
نمەی باران و منداڵان
خۆشیان ئەویست
گوڵبارانی قژیان ئەکرد.
هەژارەکان خۆشیان ئەویست
ئەو خەمی ئەکردنە کۆڵ و
ئەمانیش گشت دەست لەملان
ماچیان ئەکرد.
* * *
مناڵینە!
ئێوە بووبوون، کە ڕۆژێکیان
نیوەڕۆ بوو
کوردستانمان تاریک داهات.
نەهەنگێ هات
چیای قووت دا
بەردی کرۆشت
ڕووبارەکانی هەڵلووشی
مناڵینە!
کۆست بوو، کۆست بوو کۆستی نەهات!
مناڵینە!
چیمان لێ هات
چیمان لێ هات!
* * *
مناڵینە!
با بێینەوە سەر ئەو پیاوەی
لەو دەمەدا
دڵی لیمۆیەکی زەرد بوو
لیمۆش خاکی کوردستان بوو
کوردستانیش سیس و گوشراو
* * *
مناڵینە!
کێ بێ، کێ بێ؟!
سواری ئەسپەشێکەی خۆی بێ.
لە ئاوزەنگی تێتەقێنێ
کێ بوێرێ
دڕ بە تاریکی و بە ترسی
ئەژدەهاکی تازە بدات؟!
کێ بێ بڕوات،
بچێ ڕاوی نەهەنگ بکات
ئاو بۆ شار و گوندی تینووی
ئێمە بەردات؟
کێ بێ بڕوات؟!
* * *
مناڵینە!
ئەو سوارانە سوار بوونەوە
ئەسپەکانیان نەفرۆشتبوو
دڵیان نەدابوو بە کرێ
کلیلی دەربەند و شاخیان
بەجێنەهێشت بۆ هیچ دزێ.
ئەو سوارانە سوار بوونەوە
شەوی درێژ نەیخەواندن
تاریکەڕێ نەیگلاندن.
* * *
سوار بوونەوە
وا بەرەوژوور
جڵەویان سووڕان و، ڕوویان
کردەوە هەواری خاڵی.
ئەوا حیلە و چەپۆکانی
ئەسپی یاڵ بژ
شریخەی ناڵی گڕهاوێژ
بە دەم هۆرە و قەتارەوە
سەر ئەکەون.
یەکەم جارە خۆیان ئەکەن،
بە دەربەندا
یەکەم جارە نەهەنگ لە خەوی خۆشی دوای،
هەرەس ئەکەن!
لە تاریکیی چاونەبیندا
لەو دەمەدا
سەر و ملی ئەو سوارانە
کۆمەڵێ مۆمی کافووری داگیرساو بوون
هەر کە ترووسکە دای لە کەژ
درەخت زەردەخەنە گرتی.
هەر کە ترووسکە دای لە ئاو
شەپۆل گوڵی دا لە قژی.
هەر کە ترووسکە دای لە ماڵ
خەمی هەژاران پێکەنی.
* * *
مناڵینە!
ئەو ڕۆژانە
ئەو پیاوانە
ئەو سەردەمە
ئەو چەند کەسە
وەک دارەڕای
ژووری سەپانێکی لادێ
وەک ئەو وانانەی ئەیخوێنن
ئەتژماردن
یەک و دوان و سیان و چوار و
وەک پەنجەکانی مام ڕۆستەم،
باخەوانی قوتابخانە
لە دوو دەستا دوو پەنجەش کەم!
مناڵینە!
بەڵام ئەو چەند پەنجە و دڵە
ئەو سەردەمە
دڵ و پەنجەی
ملیۆنان بوون
ئەو چاوانە
چاوی هەموو
پارچەیەکی کوردستان بوون.
* * *
مناڵینە!
ڕۆژ هات و چوو
بەرەبەرە چاوی نوستوو
خۆیان لە دەس خەو ڕاپسکان
مۆمی زیاتر
لەسەر دوند و
ناو ئەشکەوت و
تاشەبەردەکان داگیرسان
مناڵینە!
ئەو ڕۆژگارە، تاڵ بوو، تاڵ بوو
هەر ئێجگار تاڵ
کونەگورگ و
کونەورچ و
کلۆری دار
ئەکران بە ژوور، ئەکران بە ماڵ.
* * *
مناڵینە!
ئەوانەی تەپلەی ئاسنیان
لە سەردایە
ئەوانەی بەرگی کوشتنیان
لەبەردایە.
دەستیان ئەخستە سەر دەمی
زنە و کانی
زنە و کانیش وەکوو منداڵ
وەکوو ئێوەی چاوگەش چاوگەش
لەدوای یەک دوو شڵپە و نووزە
لەژێر دەستیاندا ئەترسان
لەژێر دەستیاندا ئەخنکان
ئەچوونە سەر:
پیرەداری باپیرەی دێ
پیرەداری قەدکۆماوەی
سەر لق لەرزۆک،
ڕدێن درێژ
شاپڵیتەیان ئەخستە ناو
هەناوێوە
هەتا ئەبوو بە خۆڵەمێش.
شەو درەنگان
ئەچوونە سەر:
ماڵی شیعر و ماڵی چیرۆک
ماڵی «بێکەس»، ماڵی «بلە»
ماڵی هەر خامەیەک بەرگی
«سمکۆ» و «شێخ»یان بپۆشیایە
هەر قەڵەمێ فەقیانەکە و
جامانەکەی «مامەیارە»ی ببەستایە
بە پەیژەدا
بۆ سەر سەربان سەرئەکەوتن
ئەچوونە خوار
لەناو جێدا ئەیانگرتن
لەدواوە دەستیان ئەبەستن
بە پەڕۆ چاویان ئەبەستن
ئیتر ئەبران
لە پێچێکدا
لە دۆڵێکدا
لە گۆمێکدا
دوایی سەرەونگون ئەکران.
* * *
مناڵینە!
ئەو ڕۆژانە
ئەو پیاوانە
ئەو سەردەمە
ئەو چەند کەسە
ڕووتەڵە بوون وەکوو شاخی «مامەڕووتە»
وەکو «قانع».
سکیان وەک جامی فافۆنی تێکقوپاو بوو
تینووشیان بوو
وەک «هەڕوتە»
بە سێ و چوارێک و، یەک تفەنگ
بە سێ و چوارێک و، لێفەیەک
بە سێ و چوارێک و، خەپلەیەک
بەڵام بە هەمووشیان یەک دەنگ!
مناڵینە!
ئەو ڕۆژانە
ئەو پیاوانە
ئاگریان بۆ ئاگردانی
ساردەوەبووی کێوان ئەویست
ئاگر نەبوو.
تفەنگ داوای گوللەی ئەکرد
گوللە نەبوو.
قۆڕەی سک داوای لەتێ نان،
زیادی ئەکرد
لەت کوا هەبوو!
مناڵینە
هیچیان نەبوو
هیچیان نەبوو
تەنها هەر خۆشەویستی و باوەڕ و
چاوی گەشی ئێوەیان بوو!
مناڵینە!
با بێینەوە سەر ئەو پیاوەی
بەدوای چاوی کوردستاندا
بە شوێن پشکۆ و گوللە و ناندا
هەر ڕۆشت و ڕۆشت
مامزی سرک،
شوور و،
بەران
ماندوو بوون، ئەو
ماندوو نەبوو
دەمێ ئەبوو
بە «ڕەشەبا»
دەمێکی دی
بە برووسکە.
ئینجا ئەتدی پەلەوەرە
بۆتە قوڵنگ
بۆتە شاهۆ
جارێکی تر ئەتبینیەوە
شوانی گوند و ڕانەمەڕە.
گردی دڕکوداڵی بڕی
شاخی قەل و داڵی بڕی
خێڵگەی کەڕ و لاڵی بڕی
هەتا دواجار
کوڕی شوانکار
وەک قوڵنگی باڵ بریندار
گەیشتە ناو توونی بابای
ناوچەی هەکار.
* * *
مناڵینە!
ئەو سەردەمە
دۆستێ وتی:
هەر بگەنە ماڵی ئێمە
ئاگردانمان پڕ پشکۆیە
پشکۆ بەرن
کۆشی ژوور و
گیرفانی تاق و هەیوانمان
پڕ گوللەیە
گوللە بەرن
نانمان هەتاکوو لای بنمیچ هەڵچنیوە
هەر نان بەرن.
مناڵینە!
ئەفسوس، ئەفسوس
دۆستی سالووس
کە چووینە بەر ئاگردانی
خۆڵەمێشمان کرد بە سەری
درۆکانیا
بەڵێن بوو بوو:
بە جرجێکی
بۆدڕ و پیس
ئەگەڕا بە شوێن کونێکدا
خۆی حەشاردا.
* * *
مناڵینە!
هیچ لە ئێوە ناشارمەوە
بۆ بەڵێنە بێقاچەکەی
خانەخوێی دۆست
لەدواییدا
چەکەکانمان
خامەکانمان
هەموو لێوی خۆیان کرۆشت.
* * *
مناڵینە!
وا قوڵنگی باڵ خوێناوی
باڵ لە بەفری نواباریو، ئەخشێنێ
لە کێڵگەی سەهۆڵبەنداندا
خوێن ئەڕوێنێ.
ئەستێرەی سوور
کەمێ ئەفڕێت و ئەکەوێ.
مانگی زامدار
تۆزێ هەڵدێ و
لەدواییشدا
ڕەنگزەرد، ڕەنگزەرد
لە نوێنی هەورا ئەخەوێ.
* * *
زامەکانی ئەستێرەی سوور
تینوویانە
چاو بۆ کانییەک ئەگێڕن
کوڕەکانی خاکی زامدار
برسییانە
بۆ بنچکێ،
گژوگیایەک، چاو ئەگێڕن
مناڵینە!
لە هەکارا
لە هەکاری تارومارا
گوڵەگەنمەکانی شۆڕش
لە برساندا زۆریان مردن.
جۆگەکانمان لە تینوانا
زۆریان مردن
مناڵینە!
ئەوا هاتن
نزیک و دوور بە لوورەلوور
گورگەکانی هەکار هاتن
لەو دیو، لەم دیو
بە ڕەو هاتن
بە ئەڵقەیەک دەوری مانگی
زامداریان گرت.
ئەوا ئیستا مانگ گیراوە
ئەوا ئیستا ئەستێرەی سوور
دەم بەستراو و
دەست بەستراوە،
لەسەر پشتی گورگێکی ڕەش
برینی شەتەکدراوە.
* * *
مناڵینە!
کوشتیان!
کوشتیان!
وەختێ کوشتیان
سەعات هەشتی بەیانی بوو
تەمومژ ئەرخەوانی بوو
وەختێ کوشتیان:
خونچەیەک تازە ئەپشکووت.
پاسارییەک تازە تازە
خەریکی باڵەفڕێ بوو.
ماسییەکی بن گۆم، تازە
گەرای ئەخست.
کارژۆڵەیەک تازە ئەبزووت.
منداڵی چەند شەهیدێکمان
دارەدارە
تازە تازە
پێیان ئەگرت.
وەختێ کوشتیان
سەعات هەشتی بەیانی بوو
تەمومژ ئەرخەوانی بوو
هەر هەمان سات
لە کەرکووکدا
یەکەم جار بوو کیژۆڵەیەک
لە پۆلی یەک
پەنجەی خرپنی هەڵبڕێ
یەکەم جار بوو
فێر بێ ناوی،
«عەلی» باوکە پێشمەرگەکەی
لەسەر تەختەی ڕەش بنووسێ!
مناڵینە وەختێ کوشتیان
سەعات هەشتی بەیانی بوو
تەمومژ ئەرخەوانی بوو
کە ئەویان کوشت
هەر هەمان سات
«مەرگەوەڕ»ێک زیندوو بۆوە و
دەستی گوڵکوژانی، گوشی.
«مەلای خەتێ»یەک هاتەوە و
بە پێی پەتی و سەری قۆتی
سەرکەوتەوە سەر منارە!
مناڵینە
کە ئەویان کوشت
«موشیرێکی» تر هاتەوە و
دەرگای دەربەندی بۆ پیاوکوژ
خستە سەر پشت
کە ئەویان کوشت
سەعات هەشتی بەیانی بوو
تەمومژ ئەرخەوانی بوو
ئەو وەختەی کەوت:
چاوی سەوزی
گەڵایەکی سەوز ماچی کرد.
قژی ڕەشی
وەنەوشەیەک خۆی تێ ئاڵان.
کانی خوێنی
ڕەگێ دەمی خۆی پێوە نا و،
هەڵیمژی.
مناڵینە
لە هەکارا
لە هەکاری تارومارا
هەتا ئیستەش لەو دۆڵەدا
ئەویان تیا کوشت
لووتکەیەکی سەر بە هەور
کە سەعات هەشتی بەیانی،
ئەو ڕۆژە «عەلی» بینیبوو
هەتا ئیستەش
بەردەوام هەر ئەناڵێنێ.
بەردەوام هەر ژانەکانی
لە لانکەی بەردینی دڵیا
ڕائەژەنێ.
ئەو درەختانەی کە سەعات،
هەشتی بەیانی ئەو ڕۆژە
«عەلی عەسکەریکەس» یان دیبوو
هەتا ئیستەش چاویان تەڕە
هەتا ئیستەش گەڵای بسکیان،
ئاڵۆزکاوە.
بە شانەی «با»
کاکۆڵیان دانەهێناوە.
مناڵینە!
لەو ڕۆژەوە هەموو سەعات،
هەشتی بەیانییەک تاقە کوکوختیەک
لەسەر درەختێکی نزیک
هەڵئەنیشێ
گۆرانییەکی زۆر غەمگین
غەمگینتر لە:
«خاڵەی ڕێبوار»
غەمگینتر لە:
«هۆرە و قەتار»
بۆ ئەو ئەڵێ و
ئینجا بە باڵ، بە پەڕەی باڵ
چاوی ئەسڕێ و
لەدواییدا
بۆ دوور ئەفڕێ!
مناڵینە
هەر بە تەنها دڵدارەکان چاویان لێیە:
لەو ڕۆژەوە هەموو سەعات
هەشتی بەیانییەک «مەمکەس»ێک
زۆر کوتوپڕ
لەو شوێنەدا پەیدا ئەبێ
بۆ «زینکەس» چەپکێ
لە گوڵاڵەی سووری چاوڕەش
ئەچنێت و ئیتر لە چاوان ون ئەبێ؟!
* * *
جووتیارێکم ئەم زەوییە:
وەک بەری دەستم ئەناسم.
ئاسمان: وەکوو دەموچاوم.
ڕووەک: وەک سمێڵ و ڕیشم.
ئەزانم کەی
زەویی ئەزێ!
ئەزانم کەی
هەور ئەمرێ
کەی ئەستێرە،
بە بووک ئەبرێ!
باران کەی منداڵی ئەبێ!
گێژەڵووکە:
کام کڵاوی گرد ئەفڕێنێ!
دارستان کەی،
قاچەکانی ئەجووڵێنێ!
مناڵینە!
بۆیە ئەڵێم:
هەوری خوێنی «عەلیکەس» و «خالیدکەس»
چاوی ئەستێرە سوورەکان
بە ڕیز هەموو
دڵی «مانگ»ە کوژراوەکان
وەکوو «عەزۆ»
بە ڕیز هەموو
دەنگی خەرمانانی برسی
دەنگی کانیاوی تینوو
بە ڕیز هەموو
لە هەکاردا
لە هەکاری تاروماردا
کە چەخماخەیان دایەوە
کە گرماندیان
کە دایانکرد
کە داڕژان
ئینجا پەڵەی تەواوی دا
وەرزی سووری ئەم جارەمان.