زیندان

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  929 بینین
لە «کۆنغۆ»دا،
ڕۆژێ زیندانێ لە قەڵای
خۆی یاخی بوو
لە کردنەوەی دەرگاکانی خۆی مانی گرت
داوای ڕووخانی خۆی ئەکرد!
باستیلەکان کۆ بوونەوە، زیندانیان گرت
خۆیان بە خۆیدا هەڵواسی
وتیان بڵێ
کێ ئەناسی؟!
زیندان بەرگەی ئەو ئازارە
سەختەی نەگرت
ناچار بوو «ئیعترافی» کرد،
بە دەستی خۆی
ناوی ملیۆنەها کەسی
بۆ باستیلی دادگا نووسی!