نێرگزی زستان

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  665 بینین
لە دوورە ڕێگای مێژووا
لە لاپەڕەی ڕابردووا
تاسەم کردی: گیانی «خانیکەس»ی
شەهیدێکی: وشەی بڕوام.
«مەمکەس»ێکی ناو سلێمانیشوێن.
هیوایەکم دڵ پڕ لە زام،
بۆ یادی نەورۆزی ئەمساڵ
هاتوومە لات بە میوانی
ئەوەش چەپکێ نێرگز دیاری.
ئەی عاشقی گەورەی جوانی!
-ئەی «مەم»ی شاعیری ماندوو
ئەی فرمێسکی نەوەی هاتوو
مژدەت هانی!
بەڵام ئێستەش گیانی خانی
وەکوو ئەوسا هەر زامدارە
لە زستانی ساڵا ئەژی.
-بەڵام من وتم: بەهارە
ئەوە نێرگز کە نیشانەی
زەردەخەنەی کردگارە
ئەوە گەڵا کە پۆیلانەی
بووکی نەورۆزی نازدارە
تۆ گوێ بگرە، ئەوە هاژەی
سەر قەڵبەزەی
خوڕەی پێکەنینی ئاوە.
تۆ گوێ بگرە: ئەوە دەنگی
قریوەی سەرچۆپیی لاوە.
ئەوە «زینکەس»ە گوڵ ئەچنێ.
ئەوە «مەم» تێی ئاڵاوە.
-بەڵام ژیان بێ هەتاوە،
دڵ بێ خۆرە.
«مەرگەوەڕی» شەڕ هەر ماوە
-گوێی بیستنم زرەنگەی دێ
خانیی دەروێشی جوانی بوو
چۆن وا ئەڵێ!
-بەهار جوانە، بەڵام کاتێ
زەویی دایکی سەرفراز بێ
ئاوی ئازاد بوونی باتێ!
دەسی دڕکوداڵ نەیگاتێ
چاو بەرەو ژێری «بن» نەبێ
بۆ ئاسمانی سەر بڕوانێ.
من ئەمەوێ جوانی بەهار
لە هەڵپەڕکێی کوردستانا
دەستی ئازادیی کورد بگرێ
لەناو نەورۆزی ژیانا.
ئەو نێرگزەم ناوێ دەستی
کوردی کۆیلە بۆم بچێنێ
ئەم جەژنەم ناوێ ژێردەستیی
پێ بە پەڕەی یادیا بنێ!
-کەواتە چەپکە نێرگزی
دیاریی جەژنم لێ وەرناگری
ماندوویەتی بوو بە خەڵاتم
بە ڕێی گەڕانەوەی دوورا
بڕۆمەوە، وەک چۆن هاتم!
-مەرگەوەڕی شەڕ بکوژن
خۆری گیراو بەرەڵا کەن
ئەوسا بیکەن
بە هەڵپەڕکێ و بەزمی جەژن
ئەوسا بڵێن: ئەم نێرگزە
شایەنی ڕۆژی نەورۆزە!