مۆر و ناوچەوانە ڕەشەکان

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  602 بینین
تۆ لە کوێ بووی؟ کە ڕێگاکان دڵیان لە مشتی قۆناغی
مردنا بوو، دائەگیرسان، ئەچوونە ناو:
ئەمستەچاوی تاریکیی داستانەوە، ئەتوانەوە
ئەتوانەوە، ئەمردن و ئەژیانەوە!
«پوازەکان لەسەر لقی درەختەکان سەما ئەکەن
ئەستێرەکان ئەخرێنە ناو زەلکاوەوە»
تۆ لە کوێ بووی کە نان لە دەما ئەگریا، ئەیقریشکان؟
تۆ لە کوێ بووی کە برینە ڕێبوارەکان
ڕێچکەی کاروانێ بوون، ماندوو
بە هەوراز و گردی خوێدا هەڵئەگەڕان؟
«کۆترەکانت لەناو خودەی ئاسنینی سەربازێکا،
هەڵئەنیشتن.
توولەمار دانی ژەهراوی بۆ ئەڕشتن»
کوا کوڕەکەم دزیوتانە بمدەنەوە!
کوا مێردەکەم؟
بارمتەیە لەجێی بڕنەوێ کە ڕاوی یەکانەکانی پێ ئەکرێ!
کوا شیعرەکانم؟
لە دادگادا شایەتێکە مۆری کوشتنی پێ ئەکرێ!
تۆ لە کوێ بووی کە جووتیارە بێ جووتەکان لە بانیژەی،
سەری گوندی سەربڕاودا، تۆویان ئەکرد
بە کێڵگەکانی خوێنەوە؟
ڕووتەڵەکان بە گڕ خۆیان دائەپۆشی
تۆ لە کوێ بووی کە مامزی چاوی کێویی دڵخوازەکەم
تانجییەکانی «مشیر ئاغا» ڕاویان ئەنا!
«بەغداشوێن، دەڵەدێوێ بوو ئەوساکە
لەناو لنگیا خۆت حەشاردا
تۆ لەوێ بووی؟»