دڵداری لە هاوچەشنی شیعری تایەربەگ

لە کتێبی:
دیوانی میرزا غەفوور
بەرهەمی:
میرزا غەفوور (1870-1938)
 1 خولەک  1135 بینین
دیدە بێ نوورم لە دووریت نووری چاوانم وەرە
شەهدی وەسڵی تۆم دەوایە خونچە خەندانم وەرە
زۆر دەمێکە ئینتزارم ڕۆح بەسەر گەردت بکەم
فرسەتە تەشریف بفەرموو، تا لە مەیدانم وەرە
تا کەمێ ماوە ڕەمەق، قوربان بەسەر وەقتم بگە
بولبولی ڕۆحم لە پەروازە زوو بە ئامانجم وەرە
نەک ئەجەل مۆڵەت نەدات و دوور لە قاپیی تۆ ببم
چاکە زوو خۆ بکەم بە قوربان ئەی سڵیمانم وەرە
سەد کە موورێکی زەعیفم جانفداتم دەم بە دەم
گەر گوناهێکم هەیە؛ چاوم پەشیمانم وەرە
دیدە موحتاجی نیگاهێکی هیلال و چاوی تۆم
گەر لە دە و چوارا نەبێ وەک ڕۆژی ڕەخشانم وەرە
خۆم بە عەبد و موخلیسێکی خاسەی تۆ عەدد دەکەم
وا لە کەم لوتفی و کەریمیت مات و حەیرانم وەرە
ساعەتێ فاریغ لە گریان نیم، لە دووری وەسڵی تۆ
بۆ عەیادەت چی دەبێ جارێ بە ئەفغانم وەرە
مۆڵەتم نادا ئەجەل؛ ترسم هەیە مەحرووم ببم
سا کەوا بێ لازمە بۆ سەهو و نسیانم وەرە