مام ڕێوی لەگەڵ یەک دوو هامفەردێ

شتێکت کە لێ زەوت کراوە مەڵێ هی منە
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  610 بینین
مام ڕێوی لەگەڵ یەک دوو هامفەردێ
لە نووچکەی کێوێ چوبووە سەر بەردێ
ئەیوت ها ئەو دێ ئەگەر دیارە
ئەو عەمارەتە و بورج و حەسارە
ئەو باغ و دارە ئەو بێشە و چۆمە
موڵکی حەڵاڵی خالیسی خۆمە
قەباڵەی شەشدانگ تەواوی وا پێم
هەموو بزانن من ئاغای ئەو دێم
ڕەفێقان وتیان کە وایە قوربان
بەم سەرما سەختە بە چلەی زستان
لەسەر ئەم پردە بۆ هەڵتووتاوی
ئەلەرزی ئێژی تووڵی ناو ئاوی
دەمێ بن بەردێ ساتێ بن دارێ
لە هیچ مەکانێ نیتە قەرارێ
لە برسا خۆ وا پشتت شکاوە
هێزی دەس و پا و ئازات نەماوە
بۆ ناچیتە ناو ئەو قەسرە خۆشە
ئەو عەمارەتە پڕ عەیش و نۆشە
هاوسەران لە خۆ کۆ بکەیتەوە
ژەنگی غەم لە دڵ خۆ ببەیتەوە
لە قەوم و برا پڕ بێ دەربارت
لاقی فڕووج بێ شام و نەهارت
بە کاری چی دێ لاف و گەزافت
خۆت وێڵی سارا و زەوت کرێ مافت
ئەوا فەڕزمان کرد ئاغای بەهەشتی
فاییدەی چییە کە وێڵی دەشتی
وتی هاودەمان بەزمی دیوانم
ئەساسی خۆشی دەورەی ژیانم
تانەم لێ مەدەن ئەی مایەی گیانم
ئەمن دەردی خۆم هەر خۆم ئەیزانم
لە ترسی تاجی و توڵە مەحاڵە
ڕێگای دڵ بدەم قەت ئەم خەیاڵە
لە خۆفی ئەوان قەتعەن ناوێرم
ڕوو بە ئاوایی هەنگاو هەڵبێرم
بە ژەقنەمووت بێ بەهرەی موڵکی وا
دوژمن بە پانۆ بیجاوێ و بیخوا؟
ئاغا ڕووت و قووت بێزار لە گیان وێ
داگیرکەر خاوەن خەلە و خەرمان وێ
ئەقڵی ئەم قسە لە پێشینانە
نان هەر ئەو نانە، ئەمڕۆ لە خوانە