پۆلێ کۆتری هاودەم و هاوسەر
ئاشنایەکی وا بگرن لە ڕۆژی تەنگانە بەکارتان بێ
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
3 خولەک
568 بینین
پۆلێ کۆتری هاودەم و هاوسەر
ئەفڕین ئەگەڕان سارا و دەشت و دەر
بێ غەم لە زەخمی چنگاڵی هەڵۆ
لە تەڵە و فاقە و داوی ئەمن و تۆ
خەریکی سەیران لەم باغ بۆ ئەو باغ
تێر لە دان و ئاو، شاد و خۆش دەماغ
گەورەیەکیان بوو هۆشیار و ژیر
ئیفلاتوونکەس حیکمەت، ئەرەستووکەس تەدبیر
لەگەڵیانا بوو بە ڕۆژ و بە شەو
ئاگای لێیان بوو بە بێداری و خەو
ڕۆژێ نیشتنەوە لە کەنار ئاوێ
بحەسێنەوە لە زەحمەت تاوێ
تەماشایان کرد لەو کەنار ئاوە
بەسەر خاکەدا دانە ڕژاوە
لی کۆبوونەوە چاویان تێبڕی
ئەو گەورەیانە نەچوو هەڵفڕی
بانگی کرد مەخۆن بێنە دواوە
ئەو دانە بە سەر داوا ڕژاوە
هەر ئەونە دەنووک ببەن بۆ دانە
وا بزانن ئەڵقەی داو لە ملتانە
ڕێگەی زیرەکی دەخیل وێڵ مەکەن
ڕاویار بۆ نەچیر هەزار فێڵ ئەکەن
هەی مەکەن مەچن وەرن با بڕۆین
لە جێگایێ تر نان و ئاو ئەخۆین
قسەیان نەبیست ڕژانە سەر داو
بەر لە تێر خواردن پێوە بوون تەواو
هاواریان کردێ، وەختی یارییە
فریامان کەوە کارمان کارییە
وتی هاوارم نەکرد هەر ئەو کات؟
نەتانبیست قسەم تا واتان لێ هات
مەترسن هەمە دۆسێ لەم هەردە
لەم زەمانەدا بە هیممەت فەردە
ئاگا لە ڕووداو ئایندە و پێش
مشکێکە زیرەک یەکجار دوورئەندێش
بە کۆمەکی ئەو هەموو بەر ئەبن
دیسان لە قسەم ئەگەر دەرنەچن
ئەمە تێکەوتن گۆمێکی قووڵە
هەریەک بە نەوعێ مەکەونە جووڵە
گشت بە یەک تەکان لی نەون یەکجۆر
سنگی ئەم داوە هەڵکەنن بە زۆر
بەم قەرارەدا گشت بە یەک تەکان
داویان هەڵکەند و هاتن بۆ مەکان
ئەو موشکوڵ گوشای دەوری زەمانە
ئەو پەنای داماو ڕۆژی تەنگانە
باڵیان گرت، فڕین بە تەک و بەدەو
نەوێسان هەتا ئاسانەکەی ئەو
خەبەری زانی هاتە دەر لە ماڵ
بە چاوی خۆی دی کە چۆنە ئەحواڵ
سەردەستەی کۆتر هاتە پێشەوە
بە دەروونێکی پڕ لە ئێشەوە
وتی ئەی پەنای ڕۆژی داماویم
چاک تێبفکرە لە لێقەوماویم
خواهیشم هەیە بێ سەبر و تەئخیر
یارانم هەموو بەردەی لە زنجیر
وتی خواهیشت وا لە سەر چاوم
هیچ غەمت نەبێ داو وا ئەجاوم
کە لەت لەت ببێ و قوڵفەی نەمێنێ
هەریەک بێ زەحمەت پای خۆی دەرێنێ
داوی بێ درەنگ وەها کرد پارە
کۆتر نەجاتیان بوو لە پەژارە
ئاشنایەکی وا بگرە گیانە
کە فریات کەوێ ڕۆژی تەنگانە