پیاوێکی هۆشیار ڕەهنوما بۆ خێر

چاڵ بۆ غەیر هەڵمەکەنن با تێنەکەون
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 3 خولەک  520 بینین
پیاوێکی هۆشیار ڕەهنوما بۆ خێر
لە حەق وێژیدا بێباک وێنەی شێر
عادەتی وا بوو تەواوی عومری
سەحەر هەڵئەسا زۆر بە بێ سەبری
دوای ئەدای فەڕز و سوننەت و دۆعا
بە پەلە ئەچوو بۆ مەجلیسی شا
ئەیفەرموو ئەی شا لەگەڵ چاکان چاک
معامەلەی کە و گوێ مەدە ناپاک
ناپاکان ئەڵبەت خراوی خۆیان
بۆ گرفتاری کافیە بۆیان
لە نەزەر شادا زۆر موحتەرەم بوو
حەتا ژوورکەوتووی سەدری ئەعزەم بوو
وەزیرێکی بوو شا خەیلێ دەغەڵ
حەسوود و خایەن ناپاک و چەپەڵ
کینەی ئەو پیاوەی لە دڵدا چەقی
ویستی کەساس کا بازاڕی حەقی
ڕۆژێ بە شای وت ئەم درێژدڕە
هەموو ڕۆژێ دێ و ئەیکا وە قڕە
نۆرەی کەس نادا کە بێتە زبان
لە زۆروێژی ئەو عاجزە دیوان
بیستم وتوویە پاشای ئەم شارە
دەمی بۆگەنە و کلێشەدارە
ئەگەر هاتەوە بانگی کە پێشۆ
ئیمتیحانی کە بۆ ڕاس و درۆ
بزانە چلۆن دەس بە لووتەوە
ئەگرێت و نانێ ڕوو بەڕووتەوە
پاشان چوو بۆ لای پیری ڕۆشندڵ
وتی ئەی زانا ئەی بۆ مەجلیس گوڵ
بەر لەوە تەشریف ببەی بۆ دیوان
مێهمانی منی سبەی بەرقلیان
بە جامەلۆسی بە حیلە و تەزویر
دایە دەرخواردی بەڵگە بەڵگە سیر
هەستا بە خاتر پڕ لە بیرەوە
ڕووی کردە دیوان بە بۆی سیرەوە
شا فەرمووی بۆچی وا درەنگ هاتی
وام دێتە بەرچاو ئەمڕۆکە ماتی
زوو زوو بێ بۆ لام نەسیحەت پیشە
بێرە پێشەوە دوور دامەنیشە
بۆ ئەوە پەردە با وە سەر سیردا
دەسی نا سەردەم هات وە تەقریردا
شا وتی قسەی وەزیرم ڕاسە
ئەم بێ ئەدەبە بیکوژم خاسە
قانوونی وابوو بۆ غەیری عەتا
خەتی شەخسی خۆی بەکەس نەدەدا
نووسی ئەی سەرهەنگ ئەم خەتە هەر کەس
هاوردی بۆ لات ئەو دەم ئەو نەفەس
بیکوژە و پێسی بخنەوە بە کا
حەواڵەی بکە بۆ دیوانی شا
خەتی شای وەرگرت هاتە دەرەوە
وەزیر نامەی دی چووە بەرەوە
وتی ئەم نامە چون خێزاندارم
بیبەخشە بە من زۆر منەتبارم
وەریگرت نامە بە ئومێدی گەنج
نەیزانی ئەبێ بۆی وە مایەی ڕەنج
بردی و گەیاندی سەرهەنگ وتی شا
نووسیویە پێستت پڕ بکەم لە کا
هەرچەند پاڕاوە بۆ ڕەزای خودا
مەمکوژن کوشتیان ڕۆحیان دەرهێنا
سوبحا ئەو دانا عادەتی وا بوو
بۆ مەجلیسی شا وێنەی ڕۆژان چوو
وەختێ خاتیمەی دا بە تەقریری
شانامەی دوێنێی خستەوە بیری
عەرزی کرد وەزیر ئەو نامەی لێم وەر
گرت و نازانم چی هاتووە بە سەر
شا فەرمووی دوێنێ هاتی بۆ لام تۆ
لەبەرچی دەستت وەختی گفتوگۆ
لە سەر لووت دانا ڕاسی بڵێ پێم
تا ڕاس و درۆ مەعلووم ببێ لێم
وتی دەعوەتی کردبووم وەزیر
خۆراکێکم خوارد تێکەڵ بوو بە سیر
بۆ ئەوەی بۆی سیر شا عاجز نەکا
دەسم بە پانۆ لەسەر دەم دانا
شا فەرمووی حەقە ئەم قسە ڕاسە
جەزای بەد بەدی، هی خاسی خاسە
بۆ ئەو خێروێژە چاڵی کەند وەزیر
ئەو خوا پاراستی و ئەمی خستە بیر