کەروێشک و کیسەڵ جووت و گایان کرد

هۆشیار بە برا، گرەو دانەنی
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 1 خولەک  721 بینین
کەروێشک و کیسەڵ جووت و گایان کرد
کە خەرمان سوور بوو ئەم سەودایان کرد
وتیان ئەو دارە وا لەو سەر کەلە
خەوگای شوان و پەچەی مێگەلە
هەر کام لە ئێمە زوو گەیشتە لای
خەرمان هی ئەو بێ چ دان و چ کای
نۆشی گیانی بێ زۆر بە حەڵاڵی
بیداتە دەرخوارد ماڵ و مناڵی
کیسەڵ کەوتەڕێ ڕووی کردە سەر کێو
چنگی گیر ئەکرد لە بەرد لە چێو
تلار ئەبۆوە، ئەخزا دووبارە
ئەکەوتەوە ڕێ بۆ لای ئەو دارە
هیلاک نەدەبوو لە چنگە کڕێ
تا بەر لە ڕەفیق ڕێگە ببڕێ
وتی حەرام بێ لێم شام و نەهار
پشوویێ نەدەم تا دەگەمە دار
کەروێشک وتی من پێشی ئەکەوم
هیلاکم جارێ کەمێ ئەخەوم
برسی و تینووم نان و ئاو ئەخۆم
جا ئەوسا بە دوای ڕەفێقدا ئەڕۆم
وەها مەشغووڵ بوو بە خواردن و خەو
لە بیری نەما مەسئەلەی گرەو
یادی گرەوی کە هات بە دڵدا
ڕوانی که کیسەڵ وا لە مەنزڵدا
ئەیوت و ئەیکرد بە سەر خۆیا خۆڵ
گرەوی دانا کەروێشکی کوڵۆڵ
تێکۆشە وێنەی کیسەڵ بۆ کارت
تا وەکوو کەروێشک غەم نەبێ بارت