وەتەن قوربانی ڕەنگی زەرد و حاڵاتی پەشێوت بم
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
1 خولەک
698 بینین
وەتەن قوربانی ڕەنگی زەرد و حاڵاتی پەشێوت بم
وەتەن سەرگەردی ناڵە و ئاهی سەرد و باری لێوت بم
بەدایم دیده خوێنینی وڵاتی شەڕ له نێوت بم
چ دەردێ بوو شکانی قامەتی دڵکێش و نازارت
لەبەر چی سەخت ئەبێ لەحزە بە لەحزە ئێش و ئازارت
جگەر سووتاوی میوەی باغەکانی پڕ لە دێوت بم
دەوایێ بۆ نەبوو بۆ دەفعی ئازار و نەخۆشینت
نەجاتت بۆ نەبوو وەک من لە غەم نۆشین و پۆشینت
خەفەتباری گوڵی بێ ئاو و سیسی دەشت و کێوت بم
ئەبێ کەی بێتەوە ئەمجارە نۆبەی نەزم و ئارامت
کوڕانی تۆ هەتاکەی مەرهەمێ نانێنە سەر زامت
ئەسەف خۆری هەتیوی خاکەکەی پڕ زێڕ و زێوت بم
له داوێنی ئەتۆدا ئەم کوڕانەت چونکە یەک نابن
خەیاڵم وایە تا ڕۆژی قیامەت هەر بە تەنیا من
خەریکی شینی بێ ڕەنگی گوڵالە و سەرو و سێوت بم
وەتەن تا ئێش و ژانی عەجز و ناساغی لە سەرتا بێ
لیباسی شۆڕشی و کۆتی پەرێشانی لە بەرتا بێ
وەکوو «زاریناسناوی ئەدەبی» ئەبێ هەر خاکەسار و لیتەپێوت بم