فەسڵی بەهار هاتەوە بە سەد هەزار دڵبەری

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 3 خولەک  759 بینین
فەسڵی بەهار هاتەوە بە سەد هەزار دڵبەری
نەسیمی سوبحدەم ئەدا نەویدی غونچە پەروەری
لە گوڵبنان موژدە بێ بەهار هات و بەم زووە
لە گوڵستان ڕائەخا سەبا بەساتی عەبقەری
بە هاتنی زەمانی گوڵ عەجەب جوانە بەر ئەکەن
چەمەن عەبای ئەخزەر و لالە کراسی ئەحمەری
شەتاوەکانی کوێستان چ دڵگوشا و دڵبەرن
شیرین و سەرد و پڕ سەفا میسالی ئاوی کەوسەری
چ دڵڕوبایە دایەنی کەژ و کەناری باغ و جۆ
حەیات بەخشی خاترە شەمیمی عەتری عەبهەری
نەزیری سەلسەبیلە دێ لە کێوە بەرزەکانەوە
شەتاوەکانی کوێستان دوڕە ئەبێتە مەعبەری
کافوورە دێتە سەر زەوی ئەم بەفرە قەترە قەترە وا
ئەبێتە ئاوی ڕۆشن و شەفاف و ساف و گەوهەری
فەڕوخ فەزایی نازران لە سەحنی پاکی گوڵشەنا
غونچە بە ناز و عیشوە و سەمەن بە زیب و زیوەری
لە گوڵستاندا سەبا کە جامی بادە خول ئەدا
شکۆفەکان فڕ ئەدەن لە سەر کڵاوی ئەخزەری
بە ناز و دڵبەری سەمەن کە دێتە دایەنی چەمەن
ئارامی بولبولان ئەبا بە گیسوانی عەنبەری
لە نەرگست هەیە خەبەر بە چاوی پڕ خومارەوە
لەگەڵ وەنەوشە دەستەمل لەسەر بەساتی مەخمەری
شازادەکانی شاخی گوڵ بە شێوەیێکی دڵگوشا
قەبایی سەندوسی بە بەر بە فەرق و تاجی سەنجەری
لە نازی سۆسەنی کەناری جۆگە تێبفکرە تۆ
دەروون ڕوون ئەکاتەوە بە ڕووی شەمعی خاوەری
نەمامەکانی گوڵشەنی بە با کە دێتە هاتوچۆ
بە عیشوە فکر و هۆش ئەبەن وەکوو بوتانی خوللەری
بە ئەمری کردگار ئەکەن لە لالەزارەکاندا
هەوا گوڵاو پاشی و نەسیم عەتر پەروەری
دەمی سەحەرگەهی بە با کە غونچە دەم ئەکاتەوە
کەناری باغ پڕ ئەبێ لە دڵبەرانی ئازەری
زوبانی حاڵی لالە شەرح ئەدا تەریقی مەعریفەت
بۆ ساحیبانی دڵ وەکوو مەقالەکانی حەیدەری
پەڕەندەی دەشتی گوڵستان لە سێبەری سنەوبەرا
تێکەڵ بە یەکتری ئەبن نقووشی خۆر و سێبەری
شیرینی موڵکی ئەرمەنە بە ڕەنگ و شێوە نەستەرەن
یۆسفی میسری گوڵشەنە سەرو بە حوسنی پەیکەری
لە بەزمی نەوبەهاردا گوڵبون بە سونعی ئیزەدی
کە سەوزە کەوش ئەکاتە پا شکۆفە تاجە بۆ سەری
لە بورجی ئاب نیلووفەر بە سەد خەرام و نازەوە
تلووعی کرد هەروەکوو تلووع ئەکات موشتەری
هەوا دەماخ پڕ ئەکا لە بۆی نافەی خەتا
هەزار تەعن ئەدا چەمەن لە عەتری موشکی ئەزفەری
کە مەقسووراتی «فی الخيامعەرەبی» دێنە دەر لە خەیمەوە
لەگەڵ بەهەشت لێ ئەدا بەهار لافی هەمسەری
بە سەبزەزاردا سەبا ئەگەر عبوور ئەکا گیا
زکری قیام ئەکەن هەموو وەکوو موریدی قادری
لە لوتفی سەنعەتی خودا نەزەر کە تۆ لە ڕیشەیێ
دروس ئەکات گوڵ لەگەڵ هەزار خاری نەشتەری
بێ کارگاهـ و ئاڵەت و پەرگار و زەحمەتی وەسا
نەققاشی قودرەتی ئەکا لە سەر گەزیزە زەرگەری
ئەم سەوز بوونەوەی گیا لە فەسڵی نەوبەهارەدا
نموونەیێکی وازیحە لە سەر قیامی مەحشەری
ڕەعد نەزیری نەفخەیی قیامی خەڵقە، سەوزە وا
لە ژێر خاک دێنە دەر بە ئەمری پاکی داوەری
ئەم ئینتزامە ڕێکە لەم زەمین و ئاسمانە بوو
وجوودی زاتی ئیزەدی بەشەر ئەکات ڕەهبەری
بە کبریا و عیززەت و بەقا و فەزڵ موتتەسیف
لە باب و داک و ڕۆڵە و شەریک و میسل و ژن بەری
بەهاری عومر «زاریاناسناوی ئەدەبی» زسانی هاتە پێشەوە
وەرە بەهاری تۆبە گەر سەعید و پاک گەوهەری