وەختی کۆچت هاتووە ئەی دڵ ئەبێ هۆشیار بی
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
2 خولەک
574 بینین
وەختی کۆچت هاتووە ئەی دڵ ئەبێ هۆشیار بی
گوێ قوڵاخی بانگەوازی قافڵە بۆ بار بی
ئەم خەوەت دوایی لەبەر چی پێ نەدا ئێوارە هات
وا لە دەم کەلدایە ڕۆژت کەی ئەبێ بێدار بی؟
دا ئەبێ بۆ نەچڵەکی بەم گشت ئاڵ و گوڕە دیت
عالەمێ سەرگەرمی کارن عارە تۆ بێکار بی
مانەوە بۆ کەس نییە لەم مەنزڵەیدا تۆش ئەڕۆی
گەر سولەیمانی زەمان یا ئەحمەدی موختار بی
کەس وەفایەکی نەدی لەم ڕۆزگارە بێ فەڕە
تو خەیاڵت وایە لەم غەددارە بەر خوردار بی
لۆچی ڕوخسارت هەموو کەنداڵ سەیلی پیریە
لێرە بەولا نابێ خاوەن ڕەونەقی ڕوخسار بی
گوێ گران، دیدە نابینا و قامەت چەوت و موو
بەفری زستانە ئەبێ لەم ژینە دەسبەردار بی
ئەم هەموو تەغییرە ئەیبینی لە خۆتا کافییە
بۆ جڵەوگیری لە بێعاری ئەبێ هەوسار بی
تا خەو و خۆراک بێ بەم جۆرە عومدەی ئارەزووت
من بە ئینسانت کە نازانم ئەبێ پەروار بی
تۆ کە بەرگەی گازی کێچێ ناگری ئەی کەچ نەزەر
بۆ ئەبێ کارێ بکەی سۆزی خوراکی مار بی
ڕۆشنایی مەعریفەت نادات فانووست هەتا
ئاشنا ئازار بەیت و هەمدەمی ئەغیار بی
ئەم هەموو تاریکییە ئەی دڵ لە تۆدایە مەگەر
لوتفی حەق یاری بکا تا خاوەنی ئەنوار بی
ئاهـ بۆ تۆ «زاریاناسناوی ئەدەبی» گەر نەچیە ڕیزی ڕاستان
هەر وەها لاری پەرست و پەست و بەد ئەتوار بی