سەرم بێ شەوقی تۆ کێوێکە پڕ خار

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 3 خولەک  587 بینین
سەرم بێ شەوقی تۆ کێوێکە پڕ خار
دڵم بێ یادی تۆ دارێکە بێ بار
بە غەیری هەمڕەهی یادی جەماڵت
ئەوی هەمڕاهە یا دووپشکە یا مار
ئەپاڕێمۆ بە دڵ تا حەق بە ڕەحمەت
وەدەستم خاتەوە دامانت ئەمجار
بەهاری وەسڵ ئەگەر تەشریفی هێنا
من و سەیری وەنەوشە و باغ و گوڵزار
چ گوڵزارێ بە خۆشی جەننەتی عەدن
لە گوڵپەڕ، پەخشە تێیا ئاوی ئەنهار
تەراوەت بەخشی ئەرواحە تەماشای
هەوای دەرمانە بۆ هەر ئێش و ئازار
چ نزهەتگاهە دەشتی مەحموو ئاوا
کە سووڕماوە سەری لەو، چەرخی دەووار
بە چاوی خۆی نەیدیوە بە عومری
لە سەرئەرزا بەهەشتێ وا سەفادار
مەگەر ئەم نەقشە ڕزوان هات کێشای
کە نابینێت عەیبی هیچ هۆشیار
زرنگتر باغەبانانی زەمانە
بەدیققەت گەر تەماشا کەن سەر و خوار
«معاذاللهعەرەبی» کە دەرکی زەڕڕەیێ عەیب
لە جۆگا یا لە پەرژین و لە دیوار
وەرن گەردش لە باغێکی وەهادا
شفایە بۆ دڵی غەمگین و زەخمار
ئیرەم جێ بێڵە بێ بۆ سەیری ئێرە
لە سەیری ئێرەدایە نووری ئەبسار
ئەوی پیخۆشە چاو و دڵ تیایە
هەموو ڕەنگ و هەموو بۆ و هەموو دار
هەموو شەربەت هەموو میوە هەموو گوڵ
هەموو تام و مەزەی بێ ئێش و ئازار
هەڵاوەسراوە وەک عیقدی سوورەییا
بە شاخی دارەدا هێشوو بەرەو خوار
بە سووری ڕوومەتی جوانانە سێوی
بە گردی مەمکی مەحبووبانە هەر نار
لە شیرینی بەری داری دڵ ئارای
مەزاقی شەککەر و شیرینە پڕ ژار
بە دەسیانۆیە سەد تەسبێحی هێشوو
وەکوو سۆفی، سەبز پۆشانی گوڵزار
بە خۆشی جۆشی ئاوازی پەڕندەی
هەموو گوێگر لە مۆسیقاوە بێزار
بە قوربانی سەدای ئەو بولبولانەم
لە شەوقی گوڵ سەحەرگە دێنە هاوار
لە شەوقی گوڵ ئەگەرچی باغە جێیان
هەموو شەو تا سەحەر بێدار و غەمبار
لە نازی غونچە بڕوانە بە شۆخی
لە سەر گوڵبن کڵاوی دادەنێ لار
بە سەر پەنجەی وەفا بادی سەبا لا
ئەدا پەردەی لەسەر خورشیدی ڕوخسار
بە ڕەنگ و عەتری ئەنواعی گوڵاڵە
نموونەی «جنت الماوايەعەرەبی» کوهسار
چ قودرەت ئەم هەموو ڕەنگەی لە بەرگی
گوڵا ڕێژاوە بێ شاگرد و میعمار
هەوای ئەم دەشتە عەتر ئامێزە دێژی
بە سارادا ڕژاوە موشکی تاتار
چراخانی گوڵستانی بەهاران
چرایێ ڕوونە بو ئینسانی هۆشیار
کەمێ گوێ بگرە تا ناڵەی «هوالحقعەرەبی»
ببیسە تۆ لە هەر غونچە لە هەر خار
بە چاوی مەعریفەت تێفکرە «زاریناسناوی ئەدەبی»
سەراپا مەشعەلی ئەنوارە ئەشجار