یادت دێوانەی کردم نەما سەبر و قەرارم
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
2 خولەک
645 بینین
یادت دێوانەی کردم نەما سەبر و قەرارم
مردم نەهاتی جارێ ، بپرسی حاڵی زارم
دووریت عەزابی ئەلیم، وەسڵت جەنناتی نەعیم
عالەم هەموو ئەزانێ ئەتۆی بەهەشت و نارم
لە سایەی چاوی کاڵ و دوو ئەبرۆی وەک مێحرابت
دەمێ ئیمامی تەکیە، دەمێ دێوانەی شارم
کە ڕووم لێ وەرئەگێڕی ڕۆژم لێ ئەبێ بە شەو
وەختم بێ تۆ هەر شەوە، وەسڵی تۆیە نەهارم
کارم چییە بە سەحرا، بە سەیری باغ و بێسان
دیداری تۆیە باغم، گوڵستانم، گوڵزارم
ڕووت وەرگێڕە بەم لاوە، نووری چاوم نەماوە
بەڵکوو ڕۆشن بێتەوە، دیدەی تاریک و تارم
لەو ڕۆژەوە بە پەرچەم ڕۆژی ڕوخسارت پۆشی
دەگاتە بانی فەلەک سەدای شین و هاوارم
تەکان مەدە بە زولفان بۆ گرتنی دڵی من
بەر لەوە بێمە دنیا، بەو داوە گرفتارم
بۆ کوشتنی حەریفان وەختێ دەکا ئیشارە
هەزارێ بێ گیان ئەکا بە یەک عیشوە نیگارم
مردوو ئەوەیە ڕیشەی جەرگی نەبڕێ پەیکانت
زیندوو منم سەرتاپا، بەو تیرە بریندارم
نازی چاوان ئەمکوژێ هەموو ڕۆژێ سەد دەفعە
چی ئەبێ لەعلی لەبت جارێ بکا تیمارم
قووەم نەماوە بێم، بێ ، پێ لە سەر چاوم دانێ
بەڵکوو موشەڕەف ببێ بە خاکی پات، ڕوخسارم
نامدوێنێ لێم بەقینە، ئاهی دەروون بەتینە
وەڕەزم، هەراس لەم ژینە، لە حالی دڵ بێزارم
قەدت داری تووبایە، عالەمی لەبن دایە
ڕێم دە بێمە ئەو سایە، گەدام، ڕووتم، هەژارم
میوەی داری وەفایە، غونچەی باغی سەفایە
«زاریناسناوی ئەدەبی» خاکی ئاسانەی شفایە بۆ ئازارم