ئەدەب، بێ موشتەری بێ قەدرە وەک زبڵی خیابانە

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  581 بینین
ئەدەب، بێ موشتەری بێ قەدرە وەک زبڵی خیابانە
لە دنیادا ئەوێستا موشک و پشکەڵ نرخی یەکسانە
نەزم بێ نەزم و نازم بەسترا دووکانی کووتاڵی
بەڕاسی ناڕەواج ئەمڕۆکە دەستەی نوکتەزانانە
زەرافەت باری کرد و نوکتەوێژی مرد و شاعیر هەم
بە خۆی و کاروانی شیعرەوە وێڵی بیابانە
لە حەسرەتدا زبانم لەنگ و دڵتەنگم خودایا کەی
لە مەدیەن، دێتەوە بۆ میسر، ئەم مووسایی عیمرانە
بە خۆڕایی نییە فەریاد و هاوارم، تەماشاکە
چ ژاکاو و شڕ و شەمزاون ئەو دیوانە جوانانە
بە قوربانی ڕەوییەی شاعیرانی پاک تینەت بم
کە دنیا ئاوەدانی بارشی هەوری زەکایانە
ئەوانەی وا بە ڕشتەی فیکر و حیکمەت هەر وەکوو گەوهەر
بە ڕێکی هۆنراوەی دەستی تەبعی نوکتەزایانە
بەچاوی سووکی مەڕوانە کە شێعرێکت لە هەر جێ دی
دەخیلم چونکە میوەی باغی ئەفکاری ئەدیبانە
بە چاوی ئیحتڕامی تێبفکرە کاکە! هەر حەرفی
هەزاران گەوهەری ئامۆژگاری لێ نمایانە
ئەسیری خاکی لادێ بووم، مردووم و لەدەس دەرچووم
وەکوو ئاوی حەیاتم ساکنی زوڵوماتم ئەلئانە
نییە یارێ، ڕەفیقێ، هەم زبانی، هەمدەمێ «زاریناسناوی ئەدەبی»
ئەمن چ بکەم خودایا لەم ئەجننە و غوول و دێوانە