خۆشە

لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  418 بینین
شەرابی ئاڵی ناو مەیخانە خۆشە
لە پەیمان چاکترە پەیمانە خۆشە
لە عوود و ساز گەلێک خاوەن سەفاتر
کە شڵپەی ماچی ئەو کوڵمانە خۆشە
لە ڕێگەی عەشقی یارانی جواندا
کە قرچەی سووتنی پەروانە خۆشە
لە دنیای بێغەما سەرخۆشیی دائیم
لە ژینا حاڵەتی بێژانە خۆشە
لەسەر ئەو گەردنە وەک زیوی سافە
زڕەی ئاڵتوونەکەی گەردانە خۆشە
لە تاوان و خراپە دوور کەوم با
ژیان زۆر سادە بێ بێتانە خۆشە
دەبا قوربانی تۆ بێ گیان و ماڵم
وەرە زۆر جەژنی ئەم قوربانە خۆشە