پایزی ژین
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
415 بینین
لە ئاخر مانگی پایزی ژینا
خنکاوە شادیم لە گۆمی شینا
بە کزەبایەک گیانم ئەلەرزێ
بوومە پەپوولەی دەشتەکەی سینا
لە گۆشەی یانەی تەنگ و تاریکا
کەوتووم بە وێنەی کوێری نابینا
لە دەنگی مەلێک گەلێک بێزارم
بووم بە ئاشنا لەگەڵ گرینا
خۆراکم خەمە بادەم تاڵاوە
هیوام بڕاوە لەسەر زەمینا
کەسان هاودەمان لە من تەریکن
بۆ تاوان لە من کەوتوون بە قینا
هیچ نییە دڵی من بکاتەوە
نە شۆخی گوڵڕوو نە گوڵی مینا
درەختی ئومێد سیس و وشک بوو
گەڵای خەریکە بە هەڵوەرینا
بە لاوی سواری کەشتیی ژیان بووم
ئێستا کەمتینم لە دابەزینا