ڕاز و نیازی کچ و دایک
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
2 خولەک
520 بینین
کچ:
دایە تەمەنم وا گەیییە سی و دوو
هاوساڵانی من گشت دران بە شوو
خاوەنی ماڵ و مناڵن هەموو
ئەژین لە دنیای خۆشی و ئارەزوو
لە دەستەخوشکان هەر من مامەوە
ئەژیم بە گیانی بێئارامەوە
ڕەنگە بزانن من بەرد و دارم
ئەبێ هەر غەم بێ گشت ئیش و کارم
پڕ لە زووخاوە خوێن و دەمارم
پەستم بێهەستم دڵبریندارم
سەرێک هەڵبڕن خوا بناسن
بۆچ ئێوە بۆ من وا کەمهەراسن
دایک:
ڕۆڵەکەم دایکت بە کۆی زوخاڵ بێ
چاوەکەم کوێر بێ زوبانم لاڵ بێ
خوێنی جگەرم بە تۆ حەڵال بێ
نامەوێ خەفەت بەسەرتا زاڵ بێ
کاتێ ئێوارە باوکت هاتەوە
نایەڵم هەرگیز بحەسێتەوە
ئەبێ بەڵێنم بداتێ تەواو
ئەم کارە زۆر باش بگرێتە بەرچاو
خۆی ئاگادار کا لە دڵی ڕەنجاو
تۆ نەفەوتێنێ بۆ زێڕ و دراو
گەر لاوێکی باش هاتە خوازبێنی
دەربازی نەکا بە دڵشکێنی
کچ:
دایە ئەزانم قسەت دروستە
غەمخواری منی بۆ ئەم مەبەستە
باوکم هاتەوە خێرا کە هەستە
تێی بگەیەنە هیچ ڕامەوەستە
زوو ڕزگارم کە تۆ لەم گێژاوە
دڵم ترووسکەی هیچ تیا نەماوە
تەمەنی جوانیم وەختە بەسەر چێ
دڵم لە گۆشەی دەروون بەدەر چێ
میکرۆبی وەرەم ڕوو بۆ جگەر چێ
بەسە بۆ چ وا بە هەردەر چێ
با نەچمە ناو گۆڕ بە نامرادی
تا ماوە نەختێ ئومێدی شادی