ئەوەندەی چنگێ لۆکەی نەرم و شل

لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 1 خولەک  500 بینین
ئەوەندەی چنگێ لۆکەی نەرم و شل
بە ناو ئاسمانی شینا ئەدا خول
مووروولەی چاوی پڕ لە نیگای نەرم
ئەگێڕێ بۆ جێی هێلانەیەک گەرم!
بۆ جێیەک ئارام، ئاسایش، شادی،
سێبەر بن تیایا بۆ سەر ئازادی!
لەوێ بە دوو پێی سووری وەک شیلان
سەوزاییی چیمەن بشێلێ جوان جوان
ئاقیقی دەنووک بەرێ بۆ چینە:
بێ ترس، بێ دوشمن، بێ ڕق و کینە!
ئەم مەلە جوانەی لە شەڕ بێزارە
هەرکەس بیناسێ زیرەکە، دیارە