هێزی گەل
لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
2 خولەک
841 بینین
ئەم شیعرانە لە «ئەبووتورابی جەلیکەس»یەوە کراوە بە کوردی، بەو نیازەی تا ئەتوانرێ وەرگێڕراو لە ئەسڵ بچێ، وشە لاوەکییەکان بەتایبەتی هینەکانی قافییە، هەندێکیان هەر وەکوو خۆیان هێڵراونەتەوە.
توانست و هێز هەرچی هەیە گشتی هی گەلە
وەک ئیشتیقاقی فیعل لە یەک بنجی مەسدەرە!
ئەمڕۆ گەلێ کە کەوتە هەوای کەڵک و سوودی خۆی
لەو ڕێیەوە کە خۆی ئەیەوێ بۆی مویەسسەرە!
ئەمڕۆ گەلە کە پشت و پەنای ڕاستەقینە بێ،
ئەی ئەوکەسەی کە پشت و پەنات فەوجی عەسکەرە!
نانی گەلە کە لەشکری سەربازی پێ ئەژی!
تیغی گەلە بەهێزکەری دەستی ئەفسەرە!
نازانی کێیە ئەو کەسە دەستی پڕە لە چەک؟
دیارە ئەویش لە بڕبڕەکەی پشتی ڕەنجبەرە!
شمشێری قینی چۆن هەڵەکێشێ لە کاکی خۆی
ئەو پاڵەوانە مەردە سروشتی لە گەوهەرە!
پەند وەرگرە لە کار و لە قەوماوی ڕۆژگار
تەئریخە هەر بە حوکمی دروست تاقە داوەرە!
دوێنێ ئەوەی کە ئاگر و خوێن بوو لەسەر دەمی
بڕوانە: چاوەکانی بە فرمێسک چەن تەڕە؟
توانیی ئەگەر شپرزە بکا ئاشتی دەمێ
ئێستاکە کاری خۆیەتی وەک زوڵفی دولبەرە
لەو ڕۆژەدا بوو جەور و ستەم گرتبووی جیهان،
ئێستاکە داد و عەدلە لە گشت لا موزەففەرە!
دنیایی نوێ ئەیەوێ ڕاپەڕینی نوێ
ئەم ڕاستییە لە تیشکی هەتاو ئاشکراترە!
لافاوی ڕاپەرینە، گوڕی، هەرچی هاتە بەر
کێوی لەلا لەگەڵ پەڕی «کا»دا بەرابەرە!
بیرکردنەوە لە بابەتی کۆن و ڕزیو و پووچ
هەر تایبەتی بە سەردەمی دارا و سکەندەرە
شمشێر نییە کە ئاوی دەمی کپ بکاتەوە
ئەو ئاگرەی لە جۆشی دڵ و شۆری ناو سەرە!
پرشنگی ڕۆژی بەختی گەلان کەوتە دەر لە کەل
بڕوانە کۆشکی گێتیی نوێ چەند مونەووەرە!