جاسووس...

لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 1 خولەک  1089 بینین
بێ خشپە و زیان دار
ئەکشێم چەشنی مار:
بە پێچ و بە پەنا
بێ هەرا و بێ زەنا
ئەگەڕێم، ئەگەڕێم
تا تووشی نێچیر دێم!
نێچیری هەژارم
بێ خەبەر لە کارم
وەستاوە بێگومان
لە ماری بێ ئامان!
ئەوەندە ئەزانێ
شەقەیەک دێ و دانێ
لە زامی ئەچەقێ
ژان وەک تۆپ ئەتەقێ
نێچیری گلاوم
ئەبینم بە چاوم
چۆن ئەکا تەپاوتل
لە عەزرەت ژان و گل
بەڵام من بێ هەستم،
ئیتر چۆن دەربەستم؟
ژان چییە و زیان چی؟
بەزەیی و ویجدان چی؟
ئەوەندە ئەزانم:
دوژمنی ئینسانم
درەنگ، زوو، ڕۆژێک دێ:
کام ئینسان، لە کام جێ؟
قۆندەرەی بمگاتێ،
حەقی خۆم ئەداتێ!