ماستاو...

لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 2 خولەک  1022 بینین
- پەردە هەڵکشا -
ئا: تەلەفۆنی ئەم سەر: ئاغا لە هاوینە هەواری کوێستان
ب: تەلەفۆنی ئەوسەر: کاربەدەستێک لە باڵیۆزخانەیەک
ئا:
هەلاو... هەلاو... گەورەم! سێرم!
هۆی گیرفان و سکی تێرم
هەلاو... هەلاو...
ڕووناکیی چاو!
ب:
ئەلۆ... ئەلۆ... «شێک»م! «ئاگا»م!
لەناو گەلتا پشتم، پەنام!
ئەلۆ... ئەلۆ...
«کۆت» براڤۆ!
ئا:
جێگام بەرزە و سەیرانگایە،
نزیک بەوپەڕی دنیایە...
بۆچ بچووکت گەورە ناکەی؟
چاوەڕوانیی من هەتاکەی؟
هەلاو... هەلاو...
ڕووناکیی چاو!
ب:
زۆر «موشتاک»م، زۆر پەرۆشم:
بێم ماستاوی سارد بنۆشم،
بەڵام «ئاک»! لە «داک»ی ڕووتە
نۆشی گیان لام «زەکنەبووت»ە!
هەرچەند من دێم ڕائەپەڕن
لە منیش و لە تۆیش پڕن!
ئەلۆ... ئەلۆ...
«کۆم» برای تۆ!
ئا:
هەلاو... هەلاو... ڕووناکیی چاو!
لەگەڵ خۆت زۆر بێنە دراو،
بە مانگانە پیاو ڕائەگرم،
ورتەیان کرد سەریان ئەبڕم!
دوایی: نەیەی، ئەودیو سنوور
لێمان ئەکرێ بە ئاگری سوور!
هەلاو... هەلاو...
خاوەن دراو!
ب:
هەر تۆ و دراو؟ بە بانی چاو!
بەرخ سەر بڕە و سارد کە ماستاو!
ئەلۆ... ئەلۆ...
«کۆت» براڤۆ!
ئا:
هەرتۆ و کەباب؟ هەر تۆ و ماستاو؟
هەی بەسەر چاو! هەی بەسەر چاو!
ئاغا هستێریای کامەرانی ئەیگرێ، لەگەڵ ئەوەی خەت داخراوە، گوێدانی تەلەفۆنەکەی هەر بە دەستەوەیە، بە دەوری خۆیا ئەسووڕێتەوە و سەما ئەکا
میوان؟ دراو؟
کەباب؟ ماستاو؟
هەلاو...! هەلاو...!
هەلاو...! هەلاو...!
- پەردە داکشا -