گفتوگۆی دوو بولبول

لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  570 بینین
جارێ بولبولێ سەربەست و ئازاد
ئەسووڕایەوە زۆر بە خاتر شاد
لەم دار بۆ ئەو دار، لەم چڵ بۆ ئەو چڵ
لەم باخ بۆ ئەو باخ، لەم گوڵ بۆ ئە گوڵ
مانگێ لە کوێستان، مانگێ لە گەرمیان
ڕۆژێ لە دێهات، ڕۆژێ لە شاران
ڕۆژێ ڕێی کەوتە داڵانی ماڵێ
خاوەن دەسەڵات حاڵ و ئەحواڵێ
نواری قەفەسێک لە زێڕ کراوە
لە گۆشەی داڵان هەڵئاوسراوە
بولبولێ تیایە ئەخوێنێ بەگەرم
تێی ئەچریکێنێ بە بانگێ بێ شەرم
قاپێ پڕ دانە و قاپێ پڕ ئاوە
لە ناو قەفەسدا بۆی دانراوە
بولبولی ئازاد وتی ئەی بولبول
لە من خرابتر عاشق بە ڕووی گوڵ
جێم بکەرەوە بمبە ژووری خۆت
لەو دان و ئاوە کە ئەێهێنن بۆت
بەخێوم بکە با دراوسێت بم
هەر وەک خزمەتکار خاکی بەر پێت بم
بولبولی گیراو وتی بە سەربەست
لە شێت خراپتر بە خۆڕایی مەست
مەگەر نازانی ئەمە زیندانە
ئەم دان و ئاوە گشتی سندانە؟
ئەو گۆرانییە کە من ئەیخوێنم
شین و گریانە خۆم ئەلاوێنم
ژیانی گیراوی وەک ژاری مارە
کەی ئەساچێنێ هەر کەس وشیارە
بە زگی برسی لە چلەی زستان
سەربەست بگەڕێم کوێستان بە کوێستان
خۆشترە لە ناو قەفەسی ئاڵتوون
لەسەر تەختی شا بە زاری و زەبوون
ئەم دان و ئاوە بە میراتم بێ
چوون هیوام نییە قەت نەجاتم بێ