دوژمن بەخێو کردن
لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
2 خولەک
920 بینین
سەعدی فەرموویەتی «افعی کشتن و بچه نگاه داشتن کار خردمندان نیستفارسی»
ساڵێ لە شوێنێ مارێ هاتە ڕێم
لێم هاتە سەر کلک خۆی خستە بەر پێم
مار چە! مار ڕەش مار بەقەد مژانێ
ژێر چەناکە سوور عەجەب سەر پانێ
تەمای بوو لەویا بمکوژێ بێ کەس
منیش کوڕانە لێی هاتمە دەس
کوتەکێ سەر خڕ داری بڵاڵووک
بزمار ڕێز کراو سەر زلی خو سووک
ئاراستەم کرد و کێشام بە ملیا
دووبارە کێشام بەسەری دڵیا
هەر وەکوو ژیژو خۆی گڵۆڵە کرد
لەپاش نیو ساعەت بەتەواوی مرد
ڕوانیم بەچکەیەک سەرو ڕەشی سورکار
ئەجووڵێتەوە لە ژێر لاشەی مار
بەزەییم پیا هات نامە ناو قوتوو
بردمە ماڵەوە هەروا زووبەزوو
بەماس و کەرە بە شیر و پەنێر
پەروەردەم ئەکرد بە ئومێدی خێر
هەتا گەورە بو بەچکە بوو بە مار
لە باوکی پیستر پیس و ژەهر دار
نەمزانی قینی باوکی لە دڵە
بۆ ڕۆژ ئەگەڕێ، لە من بەکوڵە
لە نیوەشە و فرسەتی هانی
هاتە سەر جێگەم زۆر بە نهانی
لە ناخەڵافا دای بە پێمەوە
ئەمە شەش ساڵە ئەتلێمەوە
هەرچی هەوڵم دا هیچ سوودی نەبوو
چون زۆم نەکوژرا لەدەسم دەرچوو
هەرکەس عاقڵ بێ ئیشی وا ناکا
دوژمنی ڕۆحی بۆ لای خۆی نابا
کوردە وەسیەتم چاک بگرە لە دڵ
نەوا دوژمنت بتنێتە ژێر گڵ
ئەگەرچی هیچ کەس گوێ ناگرێ لێم
من وەزیفەمە ئەبێ هەر بڵێم
ئەی براکانم ئێوە کوردانن
لەپاش مردنم قەدرم ئەزانن