بۆ هاوڕێی مەریوانی
لە کتێبی:
گوڵاڵەی مەریوان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
3 خولەک
953 بینین
ئەی موشفیقی دێرینە لە هەر کار خەبەردار
ئەی عاشقی دیوان و غەزەڵ بازی و ئەشعار
ئەی مەرهەمی زامانی دڵی خەستە و خەمبار
داماو و سەراسیمە لە دەس گەردشی دەووار
یادی وەتەنت لازمە تا ماوە بەهار
مەشهوورە کە بەم فەسڵە ئەڵێن فەسڵی گوڵانە
وەعدەی تەرەب و شادی و تەفریحی دڵانە
بوڵبوڵ بە نەوا مەدح و سەنا وێژی چڵانە
وەختی فەرەح و بەزمی هەموو پیر و جوانە
گوڵ مەست و فەڵەک مەست و زەوی مەستی جنوون کار
شەونم وەکوو دوڕ دانە لەسەر دانە تکاوە
یا خەرمەنی ئەڵماسە لەسەر لالە ڕژاوە
ژاڵە وەکوو بووکە کە بە گوڵ سوامە دراوە
خوێنی دڵی عاشق لەسەر ئەم خاکە پژاوە
سەحرا و کەژ و کێو و چەمەن قرمز و گوڵنار
داوێنی چیا بەرگی زومڕەد لەبەرایە
چڵ تاجی گوڵی سووری شکۆفەی لەسەرایە
دووکانی چەمەن حەسحەسی «قاز»ی لەدەرایە
دارانی جیهان پاکی سەراسەر لەبەرایە
بادام و بەڕوو پەڵک و دەوەن بێ بەر و بەر دار
توڕک وەکوو عاشق لە هەموو دارێ ئەناڵێ
بۆ وەسڵی گوڵاڵە بوڵبوڵی بێ چارە ئەناڵێ
خاشاکی دەری باخی بە چاوانی ئەماڵێ
وەک قاتڵی گیراوە لەبۆ سووچێ ئەناڵێ
بەخ بەخ لە هەوا وەی لە زەوی هەر وەکوو گوڵزار
لافاوە بە لێشاوە لە هەوراز و لە تەختا
شەوبۆیە کە خۆش بۆیە لەبن دەربەنی سەختا
لاولاوە کە پێچراوە بەقەد شاخی درەختا
قەقبەی کەوی دڵ گەرمە لەبێ وەخت و لە وەختا
هەی هەی چ زەمانێکە لەبۆ نەفسی خەتاکار
سەف سەف بە سەفا گەورە کچی تازە ڕەسیدە
لەنجە ئەفرۆشن وەکوو ئاهووی ڕەمیدە
وەک حوری ڕیزوان و لە جەننات گوزیدە
بۆ کوشتنی عوششاق گەهێ قەددی خەمیدە
تیری نیگەهی چاوە بە دڵ ئەیخەنە سەرکار
عالەم بە یەکا دێن و دەچن هەر وەکوو مەحشەر
یەک یەک بەمەسەل مانگ و یەکێ هەر وەکوو ئەختەر
هەندێ گوڵە ئەمما چ گوڵە وەک گوڵی شەسپەڕ
لوقمانی زەمان شێت و نەما هۆشی لەسەر سەر
ئەگریجەیی چین چینە بەحەڵقە وەکوو ڕەشمار
بەزم و تەرەب و دانسە لەهەر دەشت و سەراوێ
ڕەقس و فەرەح و کەیفە لەهەر گەنج و پیاوێ
مەی خواردن و بەخشانە لەهەر کاڵ و کوڵاوێ
وێنەی قەدی یارانە لە هەر دیدە و چاوێ
دەستی کوڕی خۆش بەزمە لەسەر گەردنی دڵدار
قانعناسناوی ئەدەبی بەسە لەم بابە ئیتر فاشی فەساحەت
قەدقامەتی مزگەوتی هەتا ڕۆژی قیامەت
دەک ڕانی شکێ واعزی دڵ وشکی نەدامەت
فەوتانی لەدەس کوردی سیاچارە سەیاحەت
گیرۆدەیی ناوداوی هەژاری بێ و خەتابار