خۆزگە، خۆزگەی «قانع»

لە کتێبی:
چوارباخی پێنجوێن
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 3 خولەک  612 بینین
خۆزگە من ڕۆژێک ئەبووم بە مەئموور
ئەهاتن بۆ لام نزیک تا لە دوور
ئیشیان پێم ئەبوو لە چاک و خراپ
ڕام ئەکێشانە پای حەق و حساب
ئاخۆ ناوچاوم لە کەس گرژ ئەکرد؟
دەستی تەماعم بۆ هیچ کەس ئەبرد؟
یا ئەموت ئەمە هەژاری هۆزە
لەمن زیاتر دڵسۆزی کۆزە
بەهۆی چوار واوە منیش پیاوم
دانیشتووی کورسی و خاوەنی ناوم؟
هەژاری خۆمە با نەیفەوتێنم
بە خوت و خۆڕایی دڵی نەشکێنم
ئەر ئیش کەین بۆ یەک گەورە تا بچووک
ئەگەینە هەوار زۆر بە سەهل و سووک
***
خۆزگە (٢)
خۆزگە من حاجی یا توججار ئەبووم
ئاشنای لادێ و ئەهلی شار ئەبووم
کوتاڵ و چایی و شەکر بەفەردە
ئەفرۆشت بە خەڵک بە حوقە و بەردە
ئاخۆ حوقەکەم قورس ئەبوو یا سووک؟
تەنەکەی دەغڵم گەورە یا بچووک؟
میترم ڕووسووری لا یەزدان ئەبوو؟
ئایەرەم تەواو یا نوقسان ئەبوو؟
ئەگەر هەژاری باوەڕی بوو پێم
چیتم پێ ئەدا بە نرخی کرێم؟
ئەموت بەو مەکە کە چوومە ناوی
نەمخەڵەتانووی چاکم پێداوی؟
قەسەم بەو قوفڵەی دەسم پێ گرتوە
ماڵی هیچ کەسم بە فێڵ نەبردوە
یا ئەموت ئەمە هاوخوێنی خۆمە
ئەگەر پینەچی یاوەکوو دۆمە؟
هەردوو هاو زمان، هەردوو هاودینین
هەردوو زایندەی یەک سەرزەمینین
با نەیخڵەتێنم کۆنە بە تازە
قازانجیش خۆشە بەڵام ئەندازە
***
خۆزگە (٣)
ئاخ تەبیب ئەبووم لە خەستەخانە
ئەهاتن بۆ لام خوێش و بێگانە
بۆ وردبوونەوەی نەخۆشی هەژار
چەندم وەرئەگرت درهەم و دینار
ئەموت بە «تا» دار دەخیل «ئیسقا» تە
فریای خۆت کەوە ڕۆژی نەجاتە؟
یا ئەموت ئەمە بەبێ پارەیە
گیرۆدەی زاڵم زۆر بێچارەیە؟
چاک وایە کەمن دەرمانی بکەم
هەتا پێم ئەکرێ هەوڵی بۆ بدەم
چون مردنی ئەو مردنی منە
گورزی تەنگانە چەنگی دوژمنە
بەبۆنەی چواری وەهاوە پیاوم
ئەگەر ئەو نەبێ کەی خاوەن ناوم؟
***
خۆزگە (٤)
خۆزگە من ئاغای خاوەن دێ ئەبووم
خاوەن دەسەڵات شوێن و جێ ئەبووم
ئاخۆ هەژارم ئەبردە بێگار
یا ڕۆژ نە ڕۆژێک ئەمکێشایە دار؟
ئەموت بانگی کەن ئەو تولە بابە
ئیش و فرمانی بۆچی خراپە؟
پارەم وەرئەگرت بەهۆی ئاغانە
کاتی ژن هێنان ڕەسمی سوورانە
یا ئەموت ئەمە پایەی دەوڵەتە
خەزێنەی من و بازووی میللەتە؟
ئەو بنکی دارە من لقی دارم
ئەگەر ئەو ببڕن من سەرەوخوارم
ئەو بەهاوینا غیرەت ئەنوێنێ
تک تک ئارەقی ناوچاو ئەڕژێنێ
نان پەیدا ئەکا بۆ دیوەخانم
ڕۆن کۆ ئەکاتۆ بۆ سفرە و خوانم
با خۆشم لە بۆی تەواوی نەکەم
بەردی داماوی لە ئەژنۆ نەدەم