ئەی وەتەن ئەمجارە نەمرم بەم دڵەی نەسرەوتەوە

پێنج خشتەکی لەسەر شێعری بێکەس
لە کتێبی:
چوارباخی پێنجوێن
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 3 خولەک  906 بینین
ئەی وەتەن ئەمجارە نەمرم بەم دڵەی نەسرەوتەوە
گەر نەجاتم بوو لەدەس ناوچاوی لار و چەوتەوە
بۆ نەجاتی تۆ بەوەڵڵا دەچمە گێژی مەوتەوە
ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شیوەنم بیر کەوتەوە
وەختی بەندی و ئەسارەت پێ بە تەوق و کەوتەوە
تۆ نەڵێی من بێ وەجاخم قەت خەیاڵی وا نەکەی
تیر و تانەی سارد و سڕ هەرگیز لەلاوانت نەدەی
قەت مەفەرموو ڕۆڵەکانم نووستووون وا زەن نەبەی
من لە فیکر و بیری تۆ غافڵ نەبووم وا تێنەگەی
حەپس و تێهەڵدان و زیللەت تۆی لەبیر بردۆتەوە
دەستە دۆعای تۆیە بەخوا ئەوکەسەی وا زاهدە
نووکی خامەی شاعێرانت بۆ زەلیلیت شاهدە
دەم بە دەم هەروا ئەڵێ بۆ تۆ ئەوەی وا عابدە
بەو خوایەی لامەکان و بێشەریک و واحدە
عەشقی تۆ نەوعێ لەدڵما ئاگری کردۆتەوە
هێندە سەرگەرمە کوڕت کاتێ کە سەر دێنێتە دەر
پێ لە خوێنی خۆی ئەنێت دەربەس نییە بۆ ڕۆح و سەر
ئاگری تێچوو بەجارێ کەوتە سەر شین و چەمەر
ئاگرێکی وا هەزار ساڵ ئاوی بڕژێنیتە سەر
قەتگڕ وکڵپە و بڵێسەی تا ئەبەد ناکوژێتەوە
ئەی وەتەن پارە پەرەستی زوو کە ئێمەی کرد بە پەن
ڕۆژهەڵات و ڕۆژ نشینت تانەمان وا لێ ئەدەن
تۆش نەڵێی ئێمە دەزانین خەزنەکەت بۆ کوێ ئەبەن
باسی مەحزوونی و کەساسی خۆت نەکەی تۆخوا وەتەن
چونکوو بەو بەسە برین و زامەکەم ئەکولێتەوە
لاوەکەم نووکی قەڵەم دڵ دوژمنی پێ هەڵدڕە
گەر قەڵەم شیوەن نەکا خەڵفە نەمامێکی زڕە
ئەی وەتەن حەڵقەی کەلەپچەی دەست و پێت سا هەڵچڕە
ماتەمینی تا بەکەی دەی پێکەنە و سەر هەڵبڕە
موفتەخەر بە، شۆرەتت وا عالەمی گرتۆتەوە
موژدەبێ وا چاوی کردۆ کۆمەڵی لاوانی تۆ
سەیری مێژوو کە و بخوێنێ دەفتەر و دیوانی تۆ
بێنە بەرچاوت ئەساسی دەبدەبەی بابانی تۆ
نەگبەتی لاچوو سەعادەت بۆتە پشتیوانی تۆ
کەوکەبی بەخت و فریشتەت بەرزە ئەدرەوشێتەوە
ئەی وەتەن تۆ خۆشی دڵم و هێزی ئەژنۆ و باڵمی
بۆ چرای ڕووناکی دەردی ژینی ترش و تاڵمی
بێ درۆ تۆ تاجی فەخر و سێبەری ئیقباڵمی
گەرچی بەینێکە زەلیل و دیلی دەستی زاڵمی
نەوبەتی شادیتە ئەمجا ناحەزت لێک بێتەوە
ئەی گەلی پاشکەوتوو بەسیە شینی بێ هەڵمەت چییە؟
بێتەکان سەد ساڵ بگریەی بێسەمەر داری بییە
هەر نەمامێ تۆ بە خوێن ئاوی نەدەی دڕکی «زییە»
لافی میللیەت بەدەم لەم چاخەدا کەڵکی نییە
ڕۆژی هەوڵە هەر بە هیممەت گوێ هونەر ئەبڕێتەوە
ئەی وەتەن من بوڵبوڵی گوڵزاری کوردستانتم
بێتە ڕۆژی سەر بڕین سەربازی ڕووی مەیدانتم
ڕۆحەکەم پێشکەش ئەکەم وەک قۆچەکەی قوربانتم
بەسیە تەعنەم لێمەدەن هەر ڕۆڵەکەی جارانتم
هێندە حیلمت بێ هەتاکوو دەست و پێم ئەکرێتەوە
باڵی هەڵماڵی لە ڕێتا سەربەسەر شاهـ و گەدا
هەر کەسێ بۆخۆی بەتەنیا سەر لە ڕێی سڕتا ئەدا
گوێ گرە بۆ خوار و ژوور چۆن گشت ئەڵێن لەم کاتەدا
شەرتە شەرتی پیاوەتی بێ گەر خودا دەیتم بدا
دوژمنت پەت کەم وەکوو سەگ بیخەمە ژێر پێتەوە