نۆکەری پیر

لە کتێبی:
شاخی هەورامان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  894 بینین
ڕۆژێ لە ڕۆژان خزمەتکارێ پیر
پیرێک داوەشاو زۆر مات و زویر
بۆ نان و بۆ بەرگ کەوتە ڕا و بیر
چارەی نەمابوو نەیمابوو تەگبیر
***
چوو بۆ ماڵ ئاغا ئاغاکەی جاران
چوون پاشخوان خۆر بوو شەوسو و ئێواران
وتی ئاغای خۆم خاوەن دیوەخان
لەماڵما نییە تەنیا لەتێ نان
***
فریام نەکەوی کارم تەواوە
زەنگی بەدناویم زۆر چاک زڕاوە
پێویستم بۆ بەر بۆ نان و ئاوە
تەمەنی گەنجیم بۆ تۆ فەوتاوە
***
تاکوو هێزم بوو دێم بۆ سووتانی
پیاوم بۆ کوشتی تاڵانیم هانی
دزیم بۆ کردی زۆر بە نیهانی
چەن چەتەییم کرد هیچکەس نەیزانی
***
ژنم بۆ هێنای شەو بۆ کۆڵانان
بە پشت سەرتۆ بووم گوێبان وگوێبان
تۆ خەریک ژن بووی من خنجەر کێشان
ڕۆژی تەنگانەش ئەچووم بۆ مەیدان
***
ئەچووی بۆ دیدەن من لەپێشت بووم
وەک کەری چەرچی هەرکوڵ کێشت بووم
نۆکەری خۆت و خزم و خوێشت بووم
شەریکی خەم و دەرد و ئێشت بووم
***
بێشکەم ڕائەژەند بۆ خانم لە ماڵ
ئاڕەقم ئەسڕیت بە گۆشەی دەسماڵ
هەڵم ئەکێشای وەک ڕۆستەمی زاڵ
دەفر شۆرینی ناو ماڵ و مناڵ
وڵامی ئاغا بۆ نۆکەری پیر
کوێخا خواکەرەم پیر و داڕزیو
گاڵتەجاری هۆز گشت هەتیو مەتیو
بۆچی نافامی کوێخای دنیا دیو
تازە تەماتە بیبە خاوەن زیو
پیشەی نۆکەری نازانی چۆنە
نۆکەر کە پیربوو تەقویمی کۆنە
فریبم نادەی نایدەم لەتێ نان
نام خڵەتێنی بە سووک و ئاسان
باوکت و باوکم وابوون لە جیهان
وەک من وتۆ بوون بەهەزار قورحان
کاتێ کە باوکت هاتە تەمەن تۆ
باوکم دەریکرد بەبێ گفتوگۆ
شێوەی نۆکەری و ئاغایی وایە
بەم پیرییە تازە تۆ چیت مایە
کوڵک و موو ڕستن مەهێنە کایە
تەنیا من وانیم ئاغا هەروایە
خۆت و ژنەکەت ببن بەگاوان
کەم ێەخەم بگرن بۆ بەرگ و بۆ نان
تۆ هەرزەکار بووی نەتبوو ئازایی
کە پیاوت ئەکوشت شەو بە تەنیایی
خۆت هەڵئەکێشا لەخۆت بووی بایی
کەی ئیشت کردووە تۆ بە خۆڕایی
ئیتر منەتت بە پۆپەی کێرم
لاچۆ لەلاما بەخوات ئەسپێرم