چۆنیەتی ئەحواڵم

لە کتێبی:
شاخی هەورامان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  822 بینین
بە ناو مەشهووری ئافاقم کەچی هەر ئاهـ و ناڵینمە
وەکوو پیاوی برا مردوو لە برسا زاری و شینمە
دەمێ خەم بۆ کەوا کۆنە و دەمێ بۆ نانی جۆیینمە
ئومێد و وارستەی ژینم گەدایی و مردو شۆرینمە
کوتەک دۆعا ئەکا بۆ نان و خۆیشم «ڕەبی ئامین»مە
خوا دڵسۆزەکەم بگرێ کە نەیهێشت ئیشێ بۆ خۆم کەم
کە نەیهێشت خۆم بە دارتاش و خەڕات و پینەچی و دۆم کەم
وەیا پشتم لەژێر باری گرانی خەڵقەدا کۆم کەم
بەهێزی کاسبی کەللەی ڕەقی خەڵقی وەکوو مۆم کەم
ئەبێ تازە بە چی بم من کە وەعدەی مەرگ و یاسینمە
هەتا ئەو ڕۆژە ڕۆژی بوو ئەمن سواڵ و گەداییم کرد
بەدڵ نەفرەت لە کەسبی عالی و ئیشی فلاییم کرد
لە ڕێیان وا ترازانم کە هەر مەیلی مەلاییم کرد
نەوەک خەڵقی بەسووک بیگرم تەواوی خۆم فیدایی کرد
کەچی ئێستە هەر ئاواتی کولێرە و چێشتی نیسکێنمە
لە پاییزدا درۆی زل زل هەتا نانێ بەدەس بێنم
بە زستانا ئەبێ قورئان لە باوەش نێم و بیخوێنم
بەشەو وەک دز لە بازاڕا کە بەڵکوو وەعدە بستێنم
بەسەد فێڵ و ڕیا فلسێ لە دووکان دارێ دەربێنم
دە کرمۆڵ بم کە چۆن ئیشی وەها ڕەفتار و ئایینمە
لەپاش چەن ساڵێ شار و شار ئەزانم جاهل و دوونم
بەخۆم زۆر چاک ئەفامێنم بەشێتی چەشنی مەجنوونم
لەبێ عەقڵی لەلام وایە فریدی ڕبیعی مسکونم
گەداییم وایە بۆ نانێ بەقەد سەد لیرە مەمنوونم
دەشینم بۆ بکە کوردە کە ئێستە نۆبەتی شینمە
دەواعز دەک خەجاڵەت بی کەوا ئەم عالەمەت فەوتان
لەبەر نەفعی خسووسی خۆت سەراسەر عالەمت خنکان
ئەگەر قانعناسناوی ئەدەبی دەسی بڕوا بەسەرتا سەر زلی مل پان
ئەبێ ڕیشت لەبن ببڕێ و ببیتە عیبرەتی دەوران
عەداوت من لەگەڵ تۆدا ڕقی ساڵانی پێشینمە