کوردە تۆ دینت وەک جاری جاران
لە کتێبی:
شاخی هەورامان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
1 خولەک
1032 بینین
کوردە تۆ دینت وەک جاری جاران
دەم کە قۆریە سوور سوبح و ئێواران
پێت خۆشە گیزەی سەماوەر شەوان
گەڕەک بە گەڕەک بڕوا تا کەیوان
هەر چاییت بێ گوێ مەدە بە نان
کەسبی سالێکت چوار پێنج دینارە
یا کریێ جووتە یا پارەی دارە
یا عەمەلەی هەرد یا هی ناو شارە
دەخیلە مەڵێ چارم ناچارە
مەیدە بە شەکر شێتی ماڵ وێران
کوردە کوڕەکەت کە بێ کەوایە
ژنەکەت ڕووتە و ئەڵێی دەعبایە
گەوڕەکەت چۆڵە و بێ گا و مانگایە
سوێنت بۆ ئەخۆم کە خەتای چایە
دەک ئاگرت تێ چێ سەر تا بەدامان
شەق لە نان و بەرگ هەڵدە لە پێڵاو
خوا نەیژیەنێ مریشکی کوڵاو
ئای چەندە خۆشە دەرەلنگ دڕاو
بەڵام بەو شەرتە دەم بکەی زەرداو
لە خوام گەرەکە بیکەی بە سندان
باو باپیرت پیاوی خوا بوون
سەد ئەوەندەی تۆ خاوەن دەزگا بوون
دایم خزمەتکار دەستەی گەدا بوون
بۆیە وا سەربەرز دین و دنیا بوون
نەبوو لەماڵیان قۆری و شەکردان