من پێشمەرگەم
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
3 خولەک
588 بینین
وەرن سەیر کەن دونیای بێوەفا
هەر وەک سینەما خۆی پیشان ئەدا
بزانن دنیا بۆ کەس نامێنێ
مێژوو بە پڕتاو تۆڵە ئەسێنێ
وەها بێزار بووین تا کەوتینە کێو
چەند ڕۆژ لە سەنگەر بێ نان و بێ شێو
دەستمان کردە مل چەکی ڕزگاری
نەمانگرتە دڵ پەستی و بێزاری
یەکێ پەرداخی خوێن بە دەستەوە
بە گورجوگۆڵی، نەک بە پەستەوە
تینیش بە دیلی بمێنێتەوە
تۆڵەی کوردستان ئەسێنێتەوە
خوێنی شەهیدان بەجیا دانراوە
لەگەل مێژوودا تێکەڵ کراوە
تا بەرز بکرێ بە تای تەرازوو
نەوەک بخرێتە گۆڕی ئارەزوو
ئەبێ ئەم خاکە باوەش بهێنێ
تا کورد قوربانی تیا بچێنێ
ئەبێ پاڵپشتی پارتی پێشڕەو بێ
کوردستانیانە وێڵی زمان بێ
با پشتیوان بێ پێشمەرگەی پێشڕەو
خاوەن خەبات و بەهێز و پتەو
پێشمەرگەی دلێر هەر بە چەکداری
هەڵگرێ نامەی بەرزی ڕزگاری
باوەڕ قایم و دڵسۆز و دلێر
دەرچن لە بێشە هەر وەک نەڕەشێر
هەر کەسێ لە کورد ببێ بە زوحاککەس
بە زۆری چەکوش ئەچێتە ژێر خاک
قەت تەنیا یەک کەس نامێنێتەوە
بەڵام میللەتێ سەر نانێتەوە
هەر ڕزگار دەبێ ئەم کوردستانە
پارتیی خاوەنی ناو و نیشانە
لاپەڕەی مێژوو نووسی لە دەفتەر
پێشڕەوی کوردە پیاوی خەباتکەر
منیش داومەتێ خوێن لەگەڵ پەیمان
چونکە پێشمەرگەم لە بۆ کوردستان
من فیداکارم بۆ نیشتمانم
خۆم بە ملکەچی پارتی ئەزانم
هەر پارتی ڕاستە بۆ ئەم میللەتە
ئەوەی ئەیفرۆشێ ئەنجامی پەتە
من کە پێشمەرگەم بۆ کوردستانم
چەکی ڕزگاریم وا لە سەر شانم
پەیمانم داوە بە پارتی و چەکم
دایناگرمە خوار هەتا میللەتم
ئاڵا هەڵ نەکا لە شاخ و چیا
سنوورەکانی دیاری نەکا جیا
خائینەکانی بدا بە دادگا
لەبەر چاوی کورد گشت سزا بدا
ئینجا هەڵ بکا ئاڵای ئازادی
بانگەواز بکا بۆ کوردەواری
بڵێ ئەو ڕۆژەی ئاواتەخواز بوو
ئەوا هاتە دی خێرا زووبەزوو
تێر تەماشا کەم ئەم خاکە جوانە
ڕزگاری بووە لە دەست بێگانە
بە دلێکی خۆش خاڵی لە خەیاڵ
بگەڕێمەوە ناو ماڵ و منداڵ
ئەگەر مردیشم جێگام بەهەشتە
لەدوام فاتیحا و خێر و ڕەحمەتە
ئیتر خواحافیر هاونیشتمانییەکان
هەرگیز کۆڵ نەدەن قەد لە تێکۆشان
بمرێ خائین و کوردفرۆشەکان
سەربەرز و ڕزگار کورد و کوردستان