هەرگیز نابەزم
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
1 خولەک
442 بینین
دوژمن نەک کۆت و سزادان
نەک ئازاری سەختی زیندان
نەک زنجیری قەف ئەستورت
نەک داخی وەک پشکۆی سوورت
نەک سێدارە و گوللە و پەتت
یان کوشتنی بە زیللەتت
هەرچی تینت تیایە
بەرانبەرم بیخەیتە ڕوو
لەوەش زیاتر دڕندانە
بەر بیتە ئەم کوردستانە
ئەو باوەڕەی لە دڵمایە
لە گیانمایە، لە خوێنمایە
بێسوودە لە تۆ ناترسێم
بۆ زۆرداریشت نابەزێم
ئەوەندەش بڕوام پتەوە
تا سەر، ئەم تاریکەشەوە
بۆ تۆ نالوێ و هەر نامینێ
کورد حەقی خۆی هەر ئەستێنێ
ڕۆژ لە دەم کەل سەر دەردێنێ
ئەم ڕۆژانەت وەبیر دێنێت
ئێمەی کورد کە لەدایک بووین
کوردایەتیی گۆشی کردووین
لەبەر ئەوەی خۆشیی ژیان
سەر و ماڵ و خێزان و گیان
هیچی بە هیی خۆ نازانین
هەموو بەختی کوردستانین
بەختی کوردایەتیی بەرزین
هەتا مردن نەمام بەرزین