زامی کیوپیدی کوێر

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 2 خولەک  469 بینین
دڵم گوڵێکی شەستپەڕی ئاڵ بوو
تۆز و گەردیشی لێ نەنیشتبوو
هەرگیز نەیچەشتبوو کام تامەی تاڵ بوو
بە شەونم وا جوان پێگەیشتبوو
***
بەڵام کە کاتێ «کیوپید» لەپڕ
تیرەکەی هاویشت بە باخی ژینا
وەکوو نەریتە لەلای وا بەگوڕ
وەک تۆڵەسێنەر لە گەرمەی قینا
***
بەر هەر گوڵێ کەوت ڕەنگی ڕەنگینی
گۆڕا و سپی بوو ئەو ڕەنگەی نەما
وەکوو لێو بەبار ڕەنگی خەمگینی
لە سپێتی دا لە ڕووی ئەبینرا
***
ئەو ڕەنگە سوورەی جوانی کردبوو
هەموو بوو بە خوێن بە پەلکەکانا
گشتی هاتە خوار جوانی بەسەرچوو
ناسراوە ڕەنگی لەناو گوڵانا
***
«کیوپیدی کوێر» چەند ساڵ لەمەوبەر
وەکوو نەریتیە کە تیری هاویشت
هەرچەند خۆم لادا و خۆم دا پەناوپەر
چەند پاڕامەوە هیچی لێم نەبیست
***
پێکامی کە چوو بەدەست کوتاندن
تیرەکەی هەڵگرت تاکوو بزانێ
چەندی پێکاوە تا لێی نەبێ ون
نزای تایبەتی لەسەر بخوێنێ
***
کە هات هەڵیگرت هەردوو دڵ تەنیا
یان بڵێم دوو گوڵ پیا هەڵواسران
پەڕەی گەڵایان چووبوون بە یەکا
کە بە تیرەکەی کاتێک سمرابوون
***
ئەویش هەر دڵی من و شیرین بوو
کە کاتێ وەها بەو تیرە پێکران
ژینی وچانی ئا لێمان گشت چوو
بە تیری کیوپیر بریندار کراین
***
هەردووکمان ئەوسا بەرامبەر بە یەک
بۆ یەک ئەگریاین وامان بەڵێن دا
کە هەتا «ڕزین» هەردووکمان وەک یەک
لەسەر بەڵێن بێ و سکاڵا بکا
***
بە سکاڵاوە ماوەیەک وا ماین
ئینجا ئاگری خۆشەویستیمان
وا زیاد بوو هەتا هەردووکمان سووتاین
ناوبانگی دەرکرد یەک پەرستیمان
***
ئینجا بەجووتە بەرەو خوای گوڵان
بەرەو یەزدانی گشت خۆشەویستان
ئەپاڕاینەوە بە سۆز هەردووکمان
بمانکات بە یەک ئەندام و گیان
***
بەڵێ نزامان گیرابوو هەردوو
بووین بە یەک گوڵە شەستپەڕ بێهاوتا
بەخیلییان ئەبرد هەرچی گوڵ بوو
کە نزاکەمان وەها بوو گیرا
***
ئێستاش ئەو زام و برینی تیرە
گۆشتە و زوون دێنێ و ئەکولێتەوە
ئەو کەسەی پێکرا ئیتر ئەسیرە
هەتاهەتایە چاک نابێتەوە