دوا دیاری
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
1 خولەک
441 بینین
دڵم گوشیوە چی تیایە هەموو
لە ئەشکەنجە و سۆ و زووخاوی پڕ بوو
بۆ کیسەی، پێستی دڵم گرتووە
هەمووم بە جارێ جوان تێکردووە
لە قەراخ جەرگم گرتووە وەکوو تاو
تەڕم کردووە بە فرمێسکی چاو
گشتیم بۆ ناردیت بە سکاڵاوە
بەو سیرمەی جەرگم دەرکیم پێچاوە
تا بەو دیارییە دڵی وەک سەنگت
نەرم بێ و هەڵبێ لێوی بێدەنگت
بزانیت پلەی خۆشەویستیی من
ئەوەندە بەرزە لە چاو بووە ون
نەک وەک لەگەڵ ڕۆژ و کاتا بم
چۆن ڕۆژ بگەڕێ منیش هەر وا بم