وەکوو گوڵێ

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 1 خولەک  428 بینین
وەکوو گوڵێ سیس و ژاکاو
پەلکەکانی تەپیو و شۆڕ، شەکەت بۆ ئاو
بەڵکوو لەوەش خراپتر بووم لە دووریی تۆ
بە هاتنت گەشامەوە، هاتمەوە سەرخۆ
یاخوا وەبان هەردوو گلارەکەم هاتی
وەبان گیان و دڵە پەژارەکەم هاتی
تین و خۆشی و شادیت گیانە هێناوە بۆم
بەڵام کە ڕۆیشتی ئەچمەوە دۆخەکەی خۆم
بەڵام گیانە هەر ئەگەینە ئەو ئاواتە
کە ژیان و خۆشیی من و تۆی خەڵاتە
بە وەفای تۆ و سووتاویی من بێگومانە
گەورەترین کۆسپ تەختە کەن لەم ژیانە
ئەمڕۆ خۆشەویستیی بەرزمان دەریئەخات
هەر کەس ڕاست بێ بە گشت ئاواتێکی ئەگات