کپ ناکرێم

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 1 خولەک  475 بینین
هەناوی من، ئاخ و دڵم، هەموو گیانم
گشت ئاگرە باش بمناسە من بورکانم
ئەمڕۆ بە زۆری زۆرداری سەرت گرتووم
زۆر بەختیاری کەوا ئێستا کپت کردووم
بەڵام گەوجی، زۆر لاژگی ئەی هیچ نەزان
بیرکەرەوە من بورکانم، بورکان، بورکان
هەموو قینم، تێکڕا تینم ڕقی تۆڵە
ئەیپێچمەوە ئەیانکەمە یەک گرمۆڵە
ئا لەو کاتەی کە تۆ لە خۆشی و بەختیاریدای
لەو خۆشییەی من کپکردنەوەی تێیدای
لەو کاتەدا ئەتەقمەوە، چۆن تەقینێ
تۆ و ئەوانەی کە وەکوو تۆن بتۆقێنێ
ئەیکەم بە یەک پارچە ئاگر هەموو دنیا
نایەڵم بستێک جێت هەبێ کە بژی تیا
ئەتسووتێنم، ئەتبرژێنم، ئەتمرێنم
تۆڵەی ئەو کردەوە قەڵبانەت لێ ئەستێنم
هەتاکوو پەند بێ هەتا باس بکرێ
کەس نەتوانێ ئیتر دەمی بورکان بگرێ