هاوبەشی خەمتم
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
1 خولەک
494 بینین
گیانە هاوبەشی خەفەت و خەمتم
هاوبەشی زاری و پەستی و ماتەمتم
چونکە هەناو و دڵ و هۆشی تۆ
ژیانی خۆشی یان ناخۆشی تۆ
هەمووی هیی منە چونکە یەک لەشین
یەک دڵ و گیان و یەک پارچە و بەشین
من و تۆ یەکین، یەک لەش و ئەندام
ڕوومان وا لە یەک ئاوات و ئەنجام
ئەمڕۆکەش کەوا پرسەتە گیانە
بە دڵتا نەیەت یان وا مەزانە
کە من بەختیار و شاد و دڵخۆش بم
یاخود لەو خەمەی تۆ فەرامۆش بم
بەڵکوو وەکوو تۆ پرسە و شینمە
ئێستا ناخۆشتر کاتی ژینمە
کە تۆ ڕەشپۆشیت منیش شینپۆشم
وێنەی تۆ خەم و سزا ئەنۆشم
بەڵام گیانەکەم بەس نییە کە تۆ
وەک من بەند ناکەی ئێش و ئۆف و سۆ
پیش ناخۆیتەوە و تلاوتل ناکەی
ئەتوانیت کە خۆت لە سۆ ڕەها کەی
چونکە پرسەکەر دڵنەوات ئەکات
خەمت سووک ئەکات، دڵخۆشیت ئەدات
بەڵام گیانەکەم منی دڵ پڕ زام
کەس پێم نازانێ و کەس نایەتە لام
جا لەبەر ئەوە زۆر زیاتر لە تۆ
بەشی من بۆتە ئەشکەنجە ئەمڕۆ