یادی نەورۆز

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 6 خولەک  657 بینین
ئەمڕۆ ڕەنگی گەشی خوێنین
بەری ئاسمانی گرتووە
گشت ڕووی کوردستانی شیرین
ڕەنگی ئاڵی لێ نیشتووە
***
سەیری ئاسۆی کوردستانی کەن
زەرد و سپی و پەمەیییە
سەیری دەشت و چیاکان کەن
ڕەنگ سەوزێکی قەرسیلییە
***
ئەڵێی سرووشت لە ئەزەلا
ئەم بەرگەی پێ سپاردووە
یان بە ڕەنگی خوێن هەر وەها
ڕەنگی ئاڵی لێ نیشتووە
***
ئەوەش هەمووی کڵپەی خوێنی
شەهیدانی کوردستانە
وا تیشکی سووری بزوێنی
لەسەر ڕووی ئەم نیشتمانە
***
بڵاوە و پەخشان بۆتەوە
بەسەر دۆڵ و دەشت و هەردا
ئازادیی کۆ کردۆتەوە
لەناو دڵ و هۆش و سەردا
***
بەتایبەتیش ئەمڕۆ جەژنە
جەژنی گشت کوردەوارییە
کوردستان بە هەمە چەشنە
ڕازاوەیە و بەختیارییە
***
یادی نەمانی بەڵایە
لەگەڵ ڕووخانی بێداری
یادی هەڵکردنی ئاڵایە
بەسەربەستی و بە ئازادی
***
شەهیدانیش بێبەش نابن
لەم جەژنە خۆشە پیرۆزە
یان وەنەبێ بێئاگا بن
کە ئەمڕۆ جەژنی نەورۆزە
***
ئەوەتانێ ئا ئەو ڕەنگە
کە کوردستانی گۆڕیوە
کە ئێستا پێی شۆخوشەنگە
وا بەو جۆرەی کەس نەیدیوە
***
ئەوە ڕەنگی خوێنی سووری
تێکڕا گشت پێشمەرگەکانە
بۆ ئاواتی ئێستا و دووری
خەڵکی ئا ئەم کوردستانە
***
ناردوویانە بە جەژنانە
چونکە ئەوانیش هەر زیندوون
ئەوەش دروشمی بیریانە
کە لە پێناویا بەخت بوون
***
لەسەر ڕزگاریی کوردستان
وەک شێر جەنگان تاکوو مردن
بەڵام مێژووی ژینی بەرزیان
هەر ئەمێنێ و قەت نامرن
***
ئەم نەورۆزە کە ئاگرەکەی
زیاتر ئەبێ و ناکوژێتەوە
گشت ساڵێ لە نوێ یادەکەی
زامی کورد ئەکولێتەوە
***
چونکە گەلی کوردی دلێر
بە یادیا دێت کەوا کاوەکەس
هەڵمەتی چۆن برد وەکوو شێر
ژیانی خۆی خستە لاوە
***
گەلی چەوساوەی کۆمەڵ کرد
تێیگەیاندن تاکەی کەوا
بە خێزان و دروشت و ورد
بچێژن کۆیلەیی و سزا
***
تێیگەیاندن کە نە هەژار
نە ڕەنجبەر و نە کرێکار
نە پاشای قەڵبی خوێنەخوار
یا وەزیر و یاخود جووتیار
***
جیاوازییان نییە تۆزێک
هەموو وەک یەک گیانلەبەرن
هەموو مرۆڤن لە هۆزێک
بێ جیاوازی گشت بەشەرن
***
بۆچی مرۆڤی بە بەها
کە هەر وەک ئەویش بەشەر بێ
بڕوا لە ڕێی ئەوا هەروا
یان بۆی تووشی دەردیسەر بێ
***
ئەویش نەک تەنها خوێنخۆر بێ
بەڵکوو پیاوخۆرێک بێویژدان
ئینسانێک بێت زوڵمی زۆر بێ
گەل بخاتە گەرووی نەمان
***
پێوستە گەل وەکوو بورکان
بتەقێ و تاراجی تێک با
دەستی کەوی ماف و بافتان
ئاڵای ڕزگاری هەڵبکات
***
لەناو خۆدا وا ڕێک کەوتن
کە کاوەی نەبەز و نەبەرد
کاتی شۆڕش بۆ سەرکەوتن
بچێتە سەر شوێنێکی بەرز
***
ئاگر بکاتەوە بۆیان
هەر کاتێ شەوقیان بەدیی کرد
بزانن ئەوەیە نیشان
بەرەو کۆشکی زۆردار بە گڕ
***
هێرش بەرن بەبێ بەزین
هەتا قەڵای زۆر ئەڕوخێ
دەست هەڵنەگرن بە گیان و ژین
بگرن، هەڵبێنن ڕۆژی نوێ
***
جا لەم ڕۆژە پیرۆزەدا
کاوە ئاگری کردۆتەوە
هێرشیان برد لەم ڕۆژەدا
بە درشت و بە وردەوە
***
کاوەی نەبەز ئەو پێشڕەوە
بە چەکوش لە بەریانەوە
ئەیوت ئەی گەل بۆ پێشەوە
دنیای گشت ئەلەرانەوە
***
هەموو گەیشتنە سەر ئەژدەها
هێرشیان برد کۆشکیان ڕووخاند
کاوە خۆی گەیاندە زوحاککەس
یەخەی گرت و توند ڕایوەشاند
***
قیژانی بە سەریا وەک شێر
وتی زۆرداری ناپەسەند
چەند لاوی نەبەرد و دلێر
تۆ نەمامی ژینت هەڵکەند
***
دوێنێ ڕۆژی تۆ بوو ئەمڕۆ
ڕۆژی گەلە پیسی ناپاک
بڕوانە گەلی دڵ پڕ سۆ
چۆن دێنە سەر کۆشکی زوحاک
***
ئەمڕۆ داخی دڵیان هەموو
بە تۆ ئەڕێژن هەی بەدفەڕ
تازە ژینی تۆ بەسەر چوو
بەوجۆرە ژین نابەیتە سەر
***
هیچ زۆردارێک لە دەستی گەل
ڕزگاری نابێ و هەر ڕۆژێک دێ
گەل وەک تۆ بیکات لەتوپەل
ڕۆژی ئازادی لێ هەڵبڕێ
***
ئەمەی وت و چەکوشی دەستی
لێ هەڵبڕی و هاواری کرد
بژی ژیانی سەربەستی
بۆ میللەتان و گەلی کورد
***
بە چەکوشەکەی بەربووە سەری
ئەژدەهاک و بەگشت تینی
پژانی مێشکی بێفەڕی
دیسان بانگی کرد بە ژینی
***
گەل و مردن بۆ زۆرداران
ئێمەی کورد نامرین و ئەژین
زوڵم ببارێ وەک باران
خەبات ئەکەین بەرگەی ئەگرین
***
هەتا تۆڵە و مافی خۆمان
ئەسەنین و سەر ئەکەوین
ئەگەر دامانناوە ژیان
قەت نابەزین و نانەوین
***
ئەمڕۆش کەوا، وا ئازاد بووین
ئەکەین بە جەژنێکی پیرۆز
وا بەرەو ڕۆژێکی نوێ چووین
ناوی ئەنێین جەژنی نەورۆز
***
ئینجا ئێستا ئا ئەو یادە
کەوا یادی ئازادییە
جەژنێکی پڕ سۆز و شادە
جەژنی گشت نەوەی مادییە
***
جەژنێکە هەتاهەتایە
هەر ئەمێنێ و لە بیر ناچێت
هەتاکوو دنیا دنیایە
کڵپەی زیاد ئەکا و کەم نابێت
***
جەژنێکە تێکەڵ بە گیانە
تێکەڵ بە خوێن و ئێسقانە
بزوێنەری خەباتمانە
هۆی بەرزبوونەوەی ژیانە
***
جەژنێکە میللەت پێشخەرە
مەشخەڵە بۆ کوردستانمان
جەژنێکە بیر و باوەڕە
بۆ ڕزگاریی نیشتمانمان
***
لەبەر ئەوە هەموو ساڵێ
گەلی کورد بە پەرۆشەوە
گەورە و بچووک لە گشت ماڵێ
بە دڵێکی زۆر خۆشەوە
***
لە هەر چوار قوڕنەی کوردستان
ئەیکەن بە جەژنی بەختیاری
گەشتر ئەبێ گوڵی ژیان
بەهیوای بەرەو ڕزگاری
***
نەورۆز کەوا ئەو جەژنە بێ
کە کورد شانازە بە بوونی
یاخود ئەو ڕۆژە نوێیە بێ
کە قەت نییە بەسەرچوونی
***
یان ئەوە بێ کە گشت جارێ
گڕی خەبات زیاتر بکات
کوردپەروەری لێ ببارێ
باوەڕ فراوانتر بکات
***
ئەو ئاگرە ناکوژێتەوە
گشت کوردستان ئەگرێتەوە
بە هیچ کەس کز ناکرێتەوە
تا بێ بەرزتر ئەبێتەوە
***
کوردیش هەر گڕی خۆش ئەکات
بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە نوێیە
یەکی بخات، پێشی بخات
چونکە دڵی لەت و توێیە
***
بۆیە ئەڵێ هەتا مردن
منی کورد هەر خەبات ئەکەم
ئامادەم بۆ لەخۆ بووردن
تا نیشتمانم یەک بخەم
***
ئەم جەژنەش کە نیشانەمە
لە ژیانا جەژنی منە
ئاواتی ئەم ژیانەمە
کوێر کەری چاوی دوژمنە
***
بۆیە ئەڵێم تا دوای ژیان
ئەی کوردی دڵ پر سۆ و سۆز
با بژیی جەژنی کوردستان
جەژنی نەورۆز، جەژنی نەورۆز