جووتیار
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
2 خولەک
473 بینین
کاکی جووتیاری هەژاری بێدەسەڵاتی چەوساوە
ڕەنجت کێشا ماوەی ژینت بەبێ کۆڵدان لە ئەوساوە
نەوەک ئێستا، بەڵکوو ئەوەتەی کە هەی لە ژیانا
یاخود ئەتوانین بڵێین ... کە سەرت لە هێلکە جووقاوە
هەر کردەی تۆ و بردەی زۆرداری چەپەڵە بێ بەزەیی
ویژدانی مردووی پێی ناڵێ، ئەم هەژارە پڕووکاوە
ئەمە وەرزێکی ڕەبەقە بە پێمەڕە و پاچ و گاسن
هەوڵ ئەدا و هیلاک ئەبێ و خۆی خستۆتە لاوە
تەنیا هەر هەوڵی گیرفان و بەرژەوەندیی جەنابێتی
ئیتر هەقی نییە ئەگەر ماڵ و مناڵت سووتاوە
زۆر ئازار و سزای وەهات چەشت و خستتیە هەژاری
ئێستاش ورەی ئەو چەپۆکەی کە ئاغا بە سەرتیا داوە
بەڵام مژدە بێ ئەمڕۆکە نۆرەی ژینی تازە و نوێتە
ئەو زۆرداری و چەوسانەوە و بێگارە قورسەت نەماوە
ئەمڕۆ ئازاد و سەربەستی، ژیردەستەی هیچ مرۆڤێک نیت
واش بزانە ژینی تازەت لە تەمووزەوە نووسراوە
چونکە ژینی کۆیلایەتی بە ژینی ڕاستی ناژمێرێ
هیچ کاتێ هیچ کەس بە ژینی ڕاستی لە پێنووس نەداوە
ئەوەی پێویست بێ لە سەرت بانگی هەموو جووتیاران کە
لەم کاتە هەلەدا کەوا زۆردارانی تیا تاساوە
لەگەڵ کاکی کرێکارا تۆ داس و ئەو چەکووش بە دەست
ئیسپاتی کەن کارکەرانی کوردیش هیچ کات نەوەستاوە
بەڵکوو وەکوو چینەکانی گەلانی ڕووی ئەم جیهانە
بۆ ڕزگاری بە هەزاران قۆچی قوربانییان داوە