تا دوا هەناسەم
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
1 خولەک
542 بینین
ئەو لێوەی کە وەک هەنگوینە تامی ژیانمی تیایە
ئەو کوڵمەی جێگای نگینە ئامڕازی گیانمی تیایە
ئەو چاوانەی کە خومارە پڕ ئیلهامی یەزدانییە
قیبلەی کۆمەڵی دڵدارە، کانگای تیری موژگانییە
ئەو نیشانەی لا ڕوومەتت نیشانەی هێزی پەیمانە
زەردەخەنەی سەر ڕووی گەشت تاوانی دڵی بووریانە
هەڵمژینی هەناسەکەت گیانم ئەبووژێنێتەوە
خۆ دەربڕینی ڕازەکەت خەمم ئەڕەوێنێتەوە
ژیانم بێ تۆ لا ژەهرە چونکە تۆی هێزی ژیانم
هەر تۆی بۆ من بوویتە بەهرە بۆ شیعر و ئاواتی گیانم
شەرتە تاکوو دوا هەناسەم پەرستنی تۆ کارم بێ
تا ئەمێنێ جووڵە و تاسەم هەر گیانی تۆ بەشدارم بێ