سوێند ئەخۆم
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
1 خولەک
559 بینین
گیانە وا شێت بووم لە دووریی چاوت
بۆ شێوەی شیرین باڵای لاولاوت
ساڵ و نیوێکە من لە تۆ دوورم
هێشتا نەمدیوە شێوە و سەڵاوت
ئێستا پەرێشان بۆ زەردەخەنەت
بۆ پێکەنین و وتەی شەککراوت
دێتەوە بیرم ڕۆژانی پێشوو
یەجگار ئەو ڕۆژەی کەوتمە داوت
شادیم نەماوە وەکوو دێوانە
تەلیلە ئەکەم بە وشەی ناوت
ڕۆژی هەزار جار دڵ دائەخورپێ
یەتەوە یادم دڵەی جێماوت
هەمیشە ڕەنگزەرد شێوا و نەخۆش
جەرگم لەتلەتە بۆ ڕووی ژاکاوت
هەموو ئەندامم تواوە و بێهۆش
چەشنی فرمێسکی وەک باراناوت
زووخاو لە دەمم بەر ئەبێتەوە
ئەکێشێ نەخشەی شێوەی شێواوت
هەتاکوو مردن تۆ قیبلەگامی
دڵم نوێژ ئەکات بۆ دڵەی پاراوت
پاراو بە خوێنی خۆشەویستیمان
شایەتە گۆنای سوورهەڵگەڕاوت
سوێند ئەخۆم بە خوا بە دیدەکانت
بە قرچە و سۆزی جەرگی سووتاوت
هەتا ئەو کاتەی سەر ئەنێمە گۆڕ
هاوڕێی گیانیمە دڵەی ڕەنجاوت